Accessibility links

وەزیری دەرەوەی چین: واشنتۆن و بێژینگ لە لێواری شەڕێکی نوێی سارددان


وەزیری دەرەوەی وڵاتی چین ئاگاهی دەدات سەبارەت بەوەی چین و ئەمریکا لە لێواری شەڕێکی نوێی سارددان و تەواوی لێدوانەکانی واشنتۆن سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەت دەکاتەوە.

وانگ یی، لە لێدوانەکانی ڕۆژی یەکشەممەیدا ئاماژەی بە هەوڵی وڵاتەکەیشی کردووە لەنێو هەوڵە نێونەتەوەییەکاندا بۆ زانینی سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکانی واشنتۆن سەبارەت بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەهاش هەوڵەکانی بێژینگ بۆ کۆنترۆڵکردنی هۆنگ کۆنگ، وەزیری دەرەوەی چین دەڵێت ئەمریکا دوچاری "ڤایرۆسی سیاسی" بووە کە کاربەدەستانی ئەمریکایی ناچار دەکات بەوەی بەردەوام هێرش بکەنە سەر چین.
وانگ یی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە پەیامنێرانی وتووە "هەندێک لایەن لە ئەمریکا پەیوەندییەکانی ئەمریکا-چین دەکەنە بارمتە و هەردوو وڵاتیش بە ئاڕاستەی شەڕێکی نوێی سارددا دەبەن."

لەم ماوەیەی ڕابردوودا، ناکۆکییە لە مێژینەکانی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک دۆسێی تر، ڕەهەندێکی نوێی بە خۆوە بینیوە لەوەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە.

سەرۆک ترامپ ڕێبەرایەتی هەڵمەتێکی جیهانیانەی ڕەخنە و ناڕەزایی دەکات سەبارەت بە چۆنییەتی سەروسەوداکردنی چین لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا، کە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، کۆڤید 19 بۆتە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 340 هەزار کەس لە جیهاندا.

سەرۆک ترامپ و کاربەدەستانی تری بەڕێوبەرایەتییەکەی دەڵێن، چین لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا زانیاریەکانی شاردۆتەوە لەسەر دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە و بە شێوەیەکی خراپیش سەروسەودای لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا کردووە.

XS
SM
MD
LG