Accessibility links

سەرۆکی ئەفغانستان پەیمانێکی دڵخۆشکەر بە تاڵیبان دەدات


سەرۆکی ئەفغانستان پەیمان دەدات پرۆسەی ئازادکردنی گیراوەکانی تاڵیبان خێراتر بکات.

ئەم پەیمانەی ئەشرەف غەنی سەرۆکی پاکستان دوابەدوای پەسەندکردنی پێشنیازی تاڵیبان بوو بۆ ئاگربەستێکی 3 ڕۆژەیی هاوکاتی جەژنی ڕەمەزان.

لە پەیامەکەیدا بۆ گەلی ئەفغانستان بە بۆنەی جەژنەوە، سەرۆکی ئەفغانستان دەڵێت "وەک حکومەتێکی بەرپرسیار، هەنگاوێکی زیاتر دەنێین بەرەوپێش و ڕایدەگەیەنم پرۆسەی ئازادکردنی گیراوەکانی تاڵیبان خێراتر دەکەم."

هەر لەو پەیامەیدا ئەشرەف غەنی داوای لە تاڵیبانیش کرد، بەرپرسە ئاسایشییەکانی حکومەتی ئەفغانستان کە لای تاڵیبان گیراون، ئازاد بکرێن.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان کە ڕۆژی 29ی مانگی دووی ڕابردوو مۆرکرا، دەبێت هێزە بیانییەکان لە ماوەی 14 مانگدا لە ئەفغانستان بچنە دەرێ بەو مەرجەی تاڵیبان وابەستەیی ئاسایشییان هەبێت لە وڵاتەکەدا.

لەو ڕێککەوتنەدا باس لە ئازادکردنی گیراوەکانیش کراوە- 5000 گیراوی تاڵیبان لە بەرامبەر 1000 گیراوی هێزە ئاسایشیەکانی ئەفغانستان- کە بڕیاربوو تا ڕۆژی 10ی مانگی 3 ئەو پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی گیراوانە کۆتایی پێبێت، بەڵام وەک کابوڵ دەڵێت تەگەرەی زۆر هەن لەبەردەم پرۆسەکەدا.

تا ئێستا کابوڵ نزیکەی یەک هەزار گیراوی تاڵیبانی ئازادکردووە، تاڵیبانیش نزیکەی 300 کەسی سەر بە هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی ئەفغانستانی ئازاد کردووە.

لە پەیامەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا، ئەشرەف غەنی دەڵێت "دەمانەوێت لە نزیکترین کاتدا وتووێژی ڕاستەخۆ لەگەڵ تاڵیباندا دەستپێبکەین، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنی ئەفغانییەکان و ئێمەش ئامادەی ئەم دانوستاندنانەین."

تاڵیبان، درەنگانێکی ڕۆژی شەممەتاکلایەنە ئاگربەستێکی 3 ڕۆژەیی ڕاگەیاند هاوکاتی 3 ڕۆژەکەی جەژنی ڕەمەزان.
لەوەتای شەڕی ساڵی 2001 ی ئەفغانستانەوە تەنها یەک جار ئاگربەست ڕاگەیەندراوە.
ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان، لە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی 2018دا، ئەو ئاگربەستەی ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG