Accessibility links

کەشتییەکی نەوت هەڵگری ئێران دەگاتە سنوری ئاویی ڤەنزوێلا


کاربەدەستانی حکومەتی ڤەنزوێلا ڕایدەگەیەنن یەکەمین کەشتی نەوت هەڵگری ئێران لە سەرجەم 5 کەشتییە ئێرانییەکەگەیشتۆتە ناو سنوری ئاوی وڵاتەکەیە.

ئێران و ڤەنزوێلا لە ژێر سزای قورسی ئەمریکادان.

وەزیری نەوتی ڤەنزوێلا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی "ئێرانی دۆستمان" گەیشتونەتە سنوری ئاوی و ئابوری وڵاتەکەی.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، ئەم کەشتیانەی ئێران نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتیان گواستۆتەوە بۆ ڤەنزوێلا، هاوکاتی پشێویی و ئاڵۆزییە ئاست بەرزەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.

ڤەنزوێلا دەڵێت هێزی دەریایی و ئاسمانی وڵاتەکە یاوەریی کەشتییەکانی ئێران دەکەن و کەشتییە بار هەڵگرەکان لە بەندەری بویرتۆکابیۆ لە هەرێمی کارابوبو لەنگەر دەگرێت کە پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوتی لێیە و دەشڵێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کەشتییەکانی تریش دەگەنە جێ.

لە پەیامێکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاگاهی داوە بە ئەمریکا لەسەر جموجۆڵەکانی کەشتییە جەنگییەکان لە دەریای کاریبی.

موحەمەد جەواد زەریف، لەو پەیامەیدا دەڵێت هەر ڕێگرییەک لەو کەشتیانە بکرێت ئەوا دەچێتە خانەی چەتەیی دەریاییەوە و دەشڵێت، هەر بەرەنجامێکی ئەو جۆرە کارانەش لە ئەستۆی ئەمریکادایە.

تاران پشتیوانی لە نیکۆلاس مادورو، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەکات و ڕوسیا و چین و تورکیاش بە هەمان شێوە پشتیوانی لێدەکەن.

کاراکاس خاوەنی گەورەترین عەماری نەوتە لە جیهاندا بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و دەڵێت سزاکانی ئەمریکا هۆکارن، لەکاتێکدا پسپۆڕ دەڵێن داکشانی بەرهەمهێنانی نەوت پەیوەندی بە بژارە هەڵەکانی سیاسی و هەروەهاش کەمی وەبەرهێنان و گەندەڵییەوە هەیە.

XS
SM
MD
LG