Accessibility links

جەلەولا، ئەو ناحیەیەی بە بەردەوامی خوێنی لێ دەچۆڕێ


جەلەولا، فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر
جەلەولا، فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر

خەریکە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بێ ئومێد دەبن، لە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، ئەو ناحیەی دوای ڕووخانی بەعس، زۆرترین خوێنی تێدا ڕژاوە.

بەشێک لە بەرپرسان، پێیانوایە گەر سەقامگیری بۆ تەواوی عێراقیش بگەڕێتەوە، گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ جەلەولا ئاسان نیە، بەو پێیەی کێشەکانی هێندە زۆر و ئاڵۆزن، چارەسەرکردنیان قورس بووە.

لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا، بەسەدان تەقینەوە لەجەلەولا ڕوویانداوە، سەدان کەسی تێدا کوژراوە، هۆکاری ئەمەش هەوڵدانی جیای حکومەتی عێراق و هەرێم و گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بووە بۆ حوکم کردنی ناحیەکە، کە ناحیەیەکی جێ ناکۆکە.

عەمید عیرفان حەمەخان فەرماندەی پێشمەرگە، دەڵێت"زەحمەتە جەلەولا ئارامی بە خۆوە ببینێت، چونکە دانیشتوانەکەی ڕقیان بەرامبەر بە کورد لە دڵدایە."

کاتێک حکومەتی بەعس ڕووخا، جەلەولا لەلایەن کوردەوە کۆنترۆڵکرا، دواتر لە ساڵی 2014 داعش ناحیەکەی کۆنترۆڵ کرد، ئێستاش هێزە عێراقیەکان تێیدا دەسەڵاتدارن.

جەلەولا کە ناحیەیەکی کێشەلەسەرە، دانیشتوانەکەی نزیکەی 90 هەزار کەسە، ئێستا عەرەب تێیدا زۆرینەیە و کورد و تورکمانیشی تێدایە، بەڵام کورد خۆی بەخاوەنی ناحیەکە دەزانێت و ناوی ناوە "گوڵاڵە"، تورکمانیش، جەلەولا بە شارۆچکەیەکی تورکمانی وەسفدەکات و بە "قەرەخان" ناویدەبات.

جەلەولا کە بەدرێژایی مێژوو ناکۆکی لەسەربووە و خوێنی لەسەر ڕژاوە، هێشتا برینەکانی قەتماغەی نەبەستووە، جارێکی تر خەریکە کێشە و ئاڵۆزی بۆ دەگەڕێتەوە، بەتایبەت کورد، عەرەبەکانی ئەو ناحیەیە بە کوشتنی جوتیارە کوردەکانی خانەقین تۆمەتبار دەکات، ئەوانیش هێزە کوردیەکان بە هەوڵدان بۆ "دەربەدەرکردنیان" تۆمەتبار دەکەن.

کێشەی نێوان کورد و عەرەبە کرویەکانی جەلەولا، کوتوپڕ دوای ڕووخانی بەعس سەریهەڵدا، بەو پێیەی کورد ئەوانی بە پاڵپشتیکردنی قاعیدە و دەست هەبوون لەکوشتنی کوردە"زرگۆشەکان" تاوانبار دەکرد، ئەوانیش کوردیان بە ئازاردان و خراپ مامەڵە لەگەڵ کردن تۆمەتبار کرد.

جەلەولا، فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر
جەلەولا، فۆتۆی دڵشاد ئەنوەر

کاتێک لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 داعش ناحیەی جەلەولای کۆنترۆڵ کرد، کێشەی نێوان کورد و عەرەبەکانی عەشیرەتی کروی بەتەواوەتی تەقیەوە، بەوپێیەی ئەوان چوونە پاڵ داعش و شەڕی پێشمەرگەیان دەستپێکرد.

بەپێی ئەو ئامارانەی دراون بە دەنگی ئەمەریکا، لەشەڕی نێوان داعش و پێشمەرگەدا لەجەلەولا، نزیکەی 186 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە ساڵی 2003 ەوە تا 2014، 154 هاوڵاتی کورد لە جەلەولا کوژراون. کورد، عەرەبە کرویەکان بەدەست هەبوون لە خوێنی ئەو هاوڵاتی و پێشمەرگانە تۆمەتبار دەکات.

کاتێک هێزە کوردیەکان جەلەولایان کۆنترۆڵ کرد و عەرەبە کرویەکان ڕوویان لەبەعقوبە کرد، لە تۆڵەی گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە پێشمەرگەیەدا، هێزە کوردیەکان، گەڕەکی تەجنیدی ناحیەکەیان بەتەواوەتی ڕووخاند، کە گەڕەکێکی کروی نیشین بوو.

لەئێستادا ئاڵۆزی دەوروبەری خانەقینی گرتووەتەوە، کورد گومانی لە عەرەبە کرویەکانی جەلەولا هەیە و داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات، عەرەبەکانیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەستپێکردووە و گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕەتدەکەنەوە.

شێخ یەعقوب لهێبی بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، ئاماژەی بەوەکرد کێشەکانی جەلەولا فرە لایەنن و دەڵێت "عەرەبە کرویەکانی جەلەولا، تا پێش ساڵی 2003 لەنێو بەعس دا دەسەڵاتداربوون، کاتێک بەعس ڕووخا و دەسەڵاتەکانیان لەدەستدا، دۆخەکەیان پێ قەبوڵ نەکرا."

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، ڕوونیشیکردەوە کوردیش سیاسەت و مامەڵەی لەگەڵ عەرەبەکانی ناوچەکەدا تەندروست نەبوو، بۆیە کێشەکان کەڵەکەبوون، دەشڵیت "ئێستاش سیاسەتی کورد بەرامبەر عەرەبەکانی جەلەولا یەک نیە، یەکێتی نێوانی لەگەڵیان خراپە، بەڵام پارتی پەیوەندی لەگەڵیان باشە، ئەوان کە دەبینن کورد تەبا نین، بۆیە حساب بۆ کورد ناکەن."

گومانی کورد لە دەست هەبوونی عەرەبە کرویەکان لە ئاڵۆزیەکانی خانەقین دا لەوێوە چڕبووەتەوە، بەشێک لە کرویەکان پێشتر لەگەڵ داعشدا شەڕی پێشمەرگەیان کردووە، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ جەلەولا و لەڕیزی میلیشیا شیعەکاندا دەسەڵاتدارن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، عەقیدێکی پۆلیسی جەلەولا کە ئێستا لەدەوامدایە، ساڵی 2014 لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە بە تۆمەتی ڕادەستکردنی چەک و تەقەمەنیەکی زۆر بە داعش، خۆی و باوکی بۆ ماوەی 7 مانگ لە هەرێم دەست بەسەر بوون.

هەروەها ژمارەیەک ناوی تر دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، سەرجەمیان لە ساڵی 2014 پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە، بەڵام ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ جەلەولا و لەڕیزی هێزە میلیشیاکاندان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو جەلەولا کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێش هاتنی داعش لەنێو بانزینخانەیەکی جەلەولادا، سەرۆک عەشیرەتی کرویەکان لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی دا دانیشتووە، پێیوتووە: کورد بێتە ناوچەکە باشترە، تا هێزی سەفەوی."

سەرچاوەکە، وتیشی"دواتر کە ناکۆکی نێوان کورد و کرویەکان تەقیەوە، هەموویان چوونە پاڵ چەکدارە میلیشیاکان."

لای خۆیەوە، عەقید عیرفان حەمەخان ی فەرماندەی پێشمەرگە، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە لەنێو کوردیش دا باش و خراپ هەیە، بۆیە ڕەنگە مامەڵەی هەندێک کەس باش نەبووبێت، وتی"ئێمە هەوڵی گێڕانەوەی سەقامگیریمان بۆ جەلەولادا، بەڵام داعشەکانی ناوچەکە خەڵکی جەلەولا بوون، ڕێگربوون."

لە ئێستادا خەریکە ناکۆکی نێوان کورد و کرویەکانی جەلەولا سەرهەڵدەداتەوە، بەو پێیەی کورد هەوڵەکانی لەگەڵ عێراق بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لە دیالە چڕکردووەتەوە، عەرەبەکانی جەلەولاش ترسیان لەم نزیک بوونەوەیە هەیە، بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەستپێکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:15 0:00
XS
SM
MD
LG