Accessibility links

یو ئێن و بەڵگەنامەی نوێی تاوانەکانی داعش


تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە کۆکردنەوەی سەرچاوە و بەڵگەی نوێ لە عێراق لەسەر ئەو تاوانانەیچەکدارەکانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لە بەرامبەر ئێزدییەکان کردویانە.

لەو بەڵگەنامانەی بەدەست هێنراون، تۆماری زیاتر لە 2 ملیۆن پەیوەندی تەلەفونییە لە ساڵی 2014 دا و ئەمەش دۆسێکانی لەسەر تاوانبارانی داعش هەن، زیاتر تۆکمە و بەهێز دەکات.

ئەم تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە پێشکەوتنێکی بەرچاویشی بەدەستهێناوە لەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر دۆسێی کۆمەڵکوژی خوێندکاران و سەرباز و خەڵکی سیڤیل لە ئەکادیمیای هێزی ئاسمانی تکریتدا کە لە مانگی 7ی ساڵی 2014دا ڕوویدابوو، هەروەها دەشڵێت بەڵگەی زۆریشی کەوتۆتە بەردەست لەسەر ئەو تاوانانەی داعش لە موسڵ کردوویەتی لە ساڵی 2014 تا ساڵی 2016.

لە ڕاپۆرتی ئەم تیمی لێکۆڵینەوەیەدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەش بەوە کراوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەکات لەسەر ئەو یاسایانەی ڕێگە بە وڵاتەکە دەدات بۆ داگایی کردن بە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و هەروەهاش ئەو کۆمەڵکوژیانەی کراون.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لە 6 مانگی داهاتوودا ئەم تیمی لێکۆڵینەوەیە بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا و سود وەرگرتن لەم دەرفەتە بە ئامانجی دەستپێکردنی پرۆسەکان لەسەر بنچینەی ئەو بەڵگانەی تیمەکە کۆیانکردۆتەوە.

تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014دا نزیکەی یەک لەسەر سێی عێراق و سوریایان کۆنترۆڵکرد و دەوڵەتی خەلافەتیشی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر هێزەکان لە هەردوو وڵاتدا بە هاوکاری هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش کە بە سەرکردایەتی ئەمریکایە، گورزی کوشندە لە داعش درا و شکست بە داعش هێنرا، بەڵام هێشتاش چەکدارەکانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق و سوریاشدا هێرش دەکەن.

XS
SM
MD
LG