Accessibility links

لە بەغدا هێرش دەکرێتە سەر کەناڵی ئێم بی سی سعودیە


ژمارەیەک خەڵکی توڕە پەلاماری ئۆفیسی تەلەفزیۆنی ئێم بی سی، عەرەبستانی سعودیە دەدەن لە عێراق.

ئەم پەلامارە پاش بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنەکە بووە تیایدا ئاماژە بە ئەبو ئەلمەهدی ئەلموهەندیس کراوە، کە یەكێک بوو لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و لە هێرشەکەی سەرەتای ئەمساڵی ئەمریکادا لە بەغدا، لەگەڵ قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزەکانی قودسی سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کوژرا.

لەو بەرنامەیدا باس لەوە کراوە کە ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، دەستی هەبووە لە هێرشێکدا لە لوبنان کە نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر کرابوو.

کەناڵی ئێم بی سی 1 ی عەرەبستانی سعودیە، بەرنامەیەکی لەسەر نزار قەبانی شاعیری ناوداری عەرەب پێشکەش کردووە و تیایدا ئاماژە بە بەلقیس، هاوسەرەکەی قەبانی کراوە کە عێراقی بوو و لەو هێرشەی ساڵی 1981 کرایە سەر باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیروت کوژرا.

لەو بەرنامەیەدا ئاماژە بە دەستهەبوونی ئەبو مەهدی ئەلموهەنیس کراوە لەو هێرشەدا.

بڵاوکردنەوەی ئەو بەرنامەیە توڕەییەکی زۆری لای دەیان عێراقی دروستکرد و دواتریش پەلاماری ئۆفیسی کەناڵەکەیان دا لە گەڕەکی وەزیریە لە بەغدا.

ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، جێگری سەرکردەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو .

کەناڵی ئێم بی سی دەڵێت، لەو پەلامارەی ڕۆژی دووشەممەدا بۆسەر ئۆفیسەکەیان لە بەغدا، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر لە کەرەستە و کەلوپەلەکانیان کەوتووە.

ئێم بی سی دەڵێت ئەم دۆسێی پەلاماردانە دەخاتە بەردەم دەسەڵاتدارانی عێراقی و دەشڵێت بڕوا ومتمانەی بە دەزگا ئاسایشی و دادوەرییەکانی عێراق هەیە.

ئەم کەناڵەی عەرەبستانی سعودیە، ئاماژەش بەوە دەکات کە هیوای هەیە لێکۆڵینەوەکان وردەکاری و ڕەهەندەکانی ئەو پەلامارە ئاشکرا بکەن و هەرچی ڕێی پێویستە بگیرێتەبەر بۆ لێپێچینەوە لەوانەی ئەو کارەیان کردووە و هەروەهاش ڕێگەنەدرێت ڕووداوی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە.

XS
SM
MD
LG