Accessibility links

گەڕان بەردەوامە بە شوێن 3 گیراوی داعشدا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا


7 گیراوی داعش لە گرتوخانەیەکی بچوکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایانکردووە.

دەسەڵاتداران تونیویانە چوار لەو گیراوانە دەستگیربکەنەوە و هێشتاش گەڕان بەدوای 3 گیراوەکەی تردا بەردەوامە، بەپێی ڕاگەیاندنی میدیاکانی سەر بە حکومەتی سوریا و هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکراتیش.

مەروان قامیشلو، وتەبێژی هەسەدە و هەروەها ئاژانسی دەنگ و باسی سانا سەبارەت بەم ڕووداوەی ڕۆژی یەکشەممە دەڵێن گیراوەکان لە گرتوخانەیەکی نزیک شارۆچکەی ئەلهول ڕایانکردووە.

ئۆردوگایەکی گەورە هەیە لە ناوچەی ئەلهول کە بە هەزاران ژن و بێوەژن و منداڵەکانی چەکدارانی داعشی تیادایە، بەڵام گرتوخانەکە جیایە لەو ئۆردوگایە.

دەسەڵاتدارانی کورد زیاتر لە 24 گرتوخانە و شوێنی دەستبەسەرکردن بەڕێوە دەبەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، کە نزیکەی 10 هەزار چەکداری سەر بە ڕێکخراوی داعشیان تیادان. نزیکە 2000 کەس لەو گیراوانە چەکداری بیانین و وڵاتەکانیان وەریان ناگرنەوە.

مەروان قامیشلو لە لێدوانەکانیدا تەنها باسی لەوەکرد کە 4 داعشیان لە گیراوە ڕاکردووەکان دەستگیرکردۆتەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەداوە بەوەی ئەو داعشانە خەڵکی کام وڵاتن.

چەکدارە گیراوەکانی داعش، هەر لەم مانگەدا ئاژاوەیان گێڕا لە گرتوخانەی حەسەکە و دەسەڵاتدارانی کورد کەوتنە وتووێژ لەگەڵیاندا بۆ کۆتاییهێنان بەو پشێویانە لە گرتوخانەکەدا.

لەو ڕووداوانەشدا 4 توندڕەو توانیان هاوکاتی ئاژاوەگێڕانەکە ڕابکەن، بەڵام یەک ڕۆژ دواتر هەر چواریان دەستگیرکرانەوە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، توندڕەوانی داعش هێرشەکانی خۆیان لە سوریا و هەروەها لە عێراقیشدا زیاتر کردووە هاوکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا لە هەردوو وڵاتدا.

XS
SM
MD
LG