Accessibility links

هێرش دەکرێتە سەر بنکەیەکی ئێران لە سوریادا


لە ئاکامی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی بۆسەر شوێنەکانی هێزە چەکدارییەکانی ئێران و ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێرانن لە سوریادا،7 چەکدار کوژراون.

ڕێکخراوی ڕوانگە بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ کە ڕێکخراوێکی سوریایی بنکە لە لەندەنە، هەواڵی ئەم هێرشە ئاسمانیانەی پشتڕاست کردۆتەوە و دەشڵێت هێرشەکان بارەگایەکی وێرانکردوە.

ڕوانگە دەڵێت تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا ئاشکرا نییە کێ ئەو هێرشەی کردۆتە سەر بنکەی موعەیزیلە کە لەژێر دەسەڵاتی ئێرانییەکان و هێزەکانی سەر بە ئێراندایە لە ناوچەی ئەلبوکەمال، نزیک لە سنوری سوریا لەگەڵ عێراقدا، هەروەها دەشڵێت بەر لە چەند ڕۆژێک چەکدار و کەرەستە و کەلوپەلی لەشکری زیاتر نێردراون بۆ ئەو بنکەیە.

لەوەتای ساڵی 2011 و دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، لەشکری ئیسرائیل بنکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و هەروەها حزبوڵای لوبنانیشی لەناو سوریادا کردۆتە ئامانج.

ئیسرائیل بە دەگمەن باس لە وردەکاری ئەو هێرشانەی بکات بەڵام هەمیشە ئاماژە بە بوونی ئێران دەکات لە سوریادا بۆ پشتیوانی لە سەرۆکی سوریا. تەلئەڤیڤ جەخت دەکاتەوە لەوەی بوونی ئێران لە سوریادا مایەی هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، هەر بۆیەشە بەردەوام دەبێت لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر ئەو بنکانەی ئێران.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە کردە لەشکرییەکانی لە سوریادا تا ئەو کاتەی ئێران ئەو وڵاتە جێدەهێڵێت و دەشڵێت ئێران هیچ کارێکی لە سوریادا نییە.

نافتالی بێنێت دەڵێت ئێران هەوڵی چڕکردنەوەی هێزەکانی خۆی دەدات لە ناوچە سنورییەکانی سوریا لەگەڵ ئیسرائیلدا بە مەبەستی هەڕەشەکردن لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و ئۆرشەلیم و حەیفا.

XS
SM
MD
LG