Accessibility links

ئەشرەف غەنی بەپێی ڕێککەوتنێکی سیاسی وەک سەرۆکی ئەفغانستان دەمێنێتەوە


سەرۆکی ئەفغانستان و ڕکابەرەکەی ڕیککەوتنێکیان مۆر کردووە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوانیاندا.

ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئەشرەف غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵا، پاش 2 مانگ لە ڕاگەیاندەکانیان دێت بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکەی مانگی 9ی ڕابردوو کە بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکە کرا.

سدیق سدیقی، وتەبێژی ئەشرەف غەنی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە ئەشرەف غەنی وەک سەرۆکی ئەفغانستان دەمێنێتەوە و عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاشتەوایی دەکات و هەندێک لە ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنەش دەبنە ئەندام لە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنیدا.

ئەنجومەنی ئاشتەوایی، دەسەڵاتی سەروسەوداکردنی هەیە بە هەموو کاروبارەکانی ئاشتی لە ئەفغانستاندا و هەروەها بڕیاردانیش لەسەر هەر دۆسێیەکی پەیوەندی بە ئاشتییەوە هەبێت لە ئەفغانستانی بەشەڕ وێرانبوودا.

وتەبێژی تیمەکەی عەبدوڵا عەبدوڵا دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە لە کۆشکی کۆماریی وڵاتەکەدا مۆرکراوە.

ئومێد مەیسم دەڵێت دەستەیەکی تایبەت کار لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات و وردەکاری ئەم ڕێککەوتنەش دواتر بڵاو دەکرێتەوە.

لەوەتای مانگی 12ی ڕابردووەوە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند و سەرکەوتنی ئەشرەف غەنی پشتڕاست کردەوە لەو هەڵبژاردنەکەی مانگی 9دا، بارێکی پشێوی سیاسی لە ئەفغانستاندا هاتە ئاراوە.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئەفغانستان دەڵێت ئەشرەف غەنی زیاتر لە سەدا پەنجای دەنگەکانی بەدەستهێناوە و عەبدوڵا عەبدوڵا زیاتر لە سەدا 39 ی دەنگەکانی ئەو هەڵبژاردنەی بەدەستهێناوە.

ناکۆکییە سیاسییەکانی ئەشرەف غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵا لەسەر دەسەڵات بووە هۆکارێک تا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ڕایبگەیەنێت ئەو یارمەتی کۆمەکەی دانرابوو بە بڕی یەک ملیار دۆلار ببڕێت، ئەگەر ئەم دوو ڕێبەرەی ئەفغانستان نەگەنە ئەنجام.

XS
SM
MD
LG