Accessibility links

لایەنە عێراقیەکان بە دوو دڵییەوە لەهەنگاوەکانی کازمی دەڕوانن


دوای گێڕانەوەی عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق بۆ سەر کارەکەی و دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێک بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسڕە، لایەنە عێراقیەکان چاودێری هەنگاوەکانی داهاتووی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.

هەرچەندە لەمپەرەکانی بەردەمی کەم نین، بەڵام مستەفا کازمی سەرقاڵی هەنگاونانە بۆ دەرهێنانی حکومەتی عێراق لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، بۆیە چاوەڕوانی هەنگاونان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتری لێدەکرێت.

ئازاد شەفی کە لەهەڵبژاردنی پێشووی عێراق دا، کاندیدبووە لەسەر کوتلەی سەدری، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو لایەنە عێراقیانەی کێشەیان لەگەڵ خەڵک هەیە و ئابووری عێراقیان بۆ خۆیان قۆستووەتەوە، ترسی ئەوەیان هەیە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی کازمی دا، لە قاڵب بدرێن."

هێنانەوەی عەبدولوەهاب ساعدی، دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێک بەتەقەکردن لە خۆپیشاندەران و گەڕان بەدوای زیندانیە نهێنیەکاندا، کە هەموو ئەوانە بەبڕیاری "بوێرانە" لێکدەدرێنەوە، وایانکردووە لایەنەکان بەدوو دڵیەوە لەهەنگاوەکانی داهاتووی کازمی بڕوانن.

ڕەنگە کازمی بەراورد بە سەرۆک وەزیرەکانی پێشخۆی، دەستکراوەتر بێت، بەو پێیەی پشتیوانیەکی گەورەی دەرەکی و نێودەوڵەتی هەیە، لەنێوخۆی عێراقیشدا، لایەنەکان لاواز بوون و ناتوانن بە ئاشکرا بەرەنگاری هەنگاوەکانی ببنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"چاوەڕوان دەکرێت هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن، لێپێچینەوەکردن لەهەرێم لەمەسەلەی داهاتی نەوت و گومرگ و لیستی موچەخۆران، لەگەڵ رێکخستنەوەی پۆستە حکومیەکان، هەنگاوەکانی داهاتووی کازمی بن."

یاسای هەڵبژاردن کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە نێردراوەتە پەرلەمان و بەشێکی زۆر لەبڕگەو مادەکانی پەسەند کراوە، یەکێکی ترە لەو مەسەلانەی کە حیزبە عێراقیەکان، ترسی گەورەیان لێی هەیە کازمی کاری لەسەربکات، چونکە شێوازی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

بەپێی یاسا نوێ یەکە، هەڵبژاردن دەگۆڕدرێت بۆ بازنەی بچوک، واتە لە ئاستی پارێزگاوە بۆ ئاستی قەزا، هەروەها لە هەڵبژاردنی شێوازی لیستەوە دەگۆڕدرێت بۆ هەڵبژاردنی تاکە کەسی، بەم پێ یە کەسایەتی لەدەرەوەی هەر حیزب و لایەنێک، دەتوانێت خۆی کاندید بکات.

حیزبە عێراقیەکان، ترسیان لە لاوازبوون هەیە بەهۆی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەوە، لەو دەترسن لەسەر ئاستی قەزاکان، کەسایەتی و خەڵکانی بێ لایەن خۆیان کاندید بکەن و جێگەیان پێ لێژبکەن، چونکە لەمحاڵەتەدا کاندیدەکان دەرکەوتووتر دەبن وەک لە لیستەکان.

ئەمین بەکر راوێژکار لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد عێراق لەڕووی جوگرافیای هێزە سیاسیەکانەوە دابەشبووە، وتی"حیزبە بچوکەکان ترسیان لەوە هەیە زەرەرمەند بن و قوت بدرێن، حیزبە گەورەکانیش دوو دڵن، نازانن لە ساختەکاری دا سەرکەوتوو دەبن یان نە، کەپێشتر پشتیان پێبەستووە."

لەحاڵەتی پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردن دا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، ڕاستەوخۆ مەسەلەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەهێنرێتە پێشەوە، کە مەرجەعیەت و شەقامی عێراقی داوایدەکات و حیزبەکان خۆیانی لێدەدزنەوە.

بەڕای چاودێران، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت پێویستی بە ساڵێک و شەش مانگ دەبێت، هەروەک لەمپەرە یاسایی و سیاسیەکانی بەردەمیشی کەم نین، بەتایبەت بەشێکی زۆر لە حیزبەکان دژینی.

ژمارەی ئەندامانی دادگای فیدرالی لە 17 دادوەرەوە بۆ 16 دادوەر کەمیکردووە، بۆیە پەیامی ئەوەیان گەیاندووە، گەر هەڵبژاردنیش بکرێت، ناتوانن ئەنجامەکەی پەسەند بکەن، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گومانیان لەسەرە، ئەو کورسیانەش پڕنەکراونەتەوە، کەپێشتر لابرابوون، ئەمانە گرفتی یاسایی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختن.

ئەمین بەکر، ڕوونیکردەوە جگە لە گرفتی یاسایی، هەڵبژاردنی پێشوەخت گرفتی سیاسی زۆریشی لەپێشە، وتی"حکومەتی عێراق لەمانگی هەنگوینیدایە، لایەنەکان دەیانەوێ عێراق پشویەک بدات، هەڵبژاردن پارەی دەوێ و ئێستا عێراق گرفتی دارایی هەیە، ئەمانە وادەکەن لەئێستادا داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت نەکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:04 0:00


XS
SM
MD
LG