Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا، سیاسەتی دەرەوەیی لە پێناو ناوخۆدا


تورکیا لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا هەیەتی و بەپێی ڕای زۆرێکیش لە چاودێران گەلێک گرفتیشی لە سیاسەتی دەرەوەییدا هەیە.

ئانکەرە داکۆکییەکی زۆر لە سیاسەتەکانی خۆی دەکات لە ناوچەکەدا، وەک ناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا و بۆ سوریاش، ئەمە بێ لەوەی گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە مافێکی بێ چەندوچوونی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا 5 وڵات پێکەوە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵانەی تورکیا.

حکومەتی تورکیا ئەو هاوپەیمانێتییە بە "هاوپەیمانێتی بەدکاران" ناودێر دەکات.

ئەوەی نکوڵی لێناکرێت، ئامانجەکانی حکومەتی تورکیایە لەم هەموو پلان و هەوڵانەی لەو ناوچەیەدا دەیدات، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی هەر هەنگاوێکی وڵاتانی وەک ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان و چەند وڵاتێکی تریش، تا نەتوانن لە دەریای ناوەڕاستدا ببنە خاوەن پڕۆژەیەکی هاوبەش کە تورکیا بە تەگەرە لەبەردەم سیاسەتەکانی خۆیدا دایدەنێت.

میوانی بەرنامە:
کەمال چۆمانی، نوسەر و لێکۆڵەر

تورکیا لە سەروەختی ڕێبەری پێشووی لیبیادا، وەبەرهێنانێکی زۆری لە وڵاتەکەدا هەبووە لە ڕێی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیەوە، پاش نەمانی موعەمەر قەزافی، پارەی کۆمپانیاکان لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە و دەبنە قەرزێکی کەڵەکە بوو بەسەر تەرابولسەوە، ئەڵبەت لە هەمان کاتیشدا دەشخوازێت چییدی پشتێکی زۆر نەبەستێت بە سەرچاوەکانی وزەی ڕوسیا و ئێران.

تورکیا سەرئێشەی لەناو هاوپەیمانێتی ناتۆدا دروستکردووە، بەهۆی کڕینی موشەکە ڕوسیاییەکان و هەروەهاش سیاسەتەکانی تورکیا لە سوریادا.

هاوکات دەشێت بگوترێت دۆستایەتی ئانکەرە و مۆسکۆ، دۆستایەتییەکی لەرزۆکە، بۆ نمونە لە لیبیادا ئانکەرە پشتیوانی لە حکومەتەکەی تەرابلوس دەکات، لە کاتێکدا مۆسکۆ پشتیوانی لە هێزەکانی حەفتەر دەکات.

لەگەڵ ئەو هەموو هەوراز و نشێویانەی لەبەردەم سیاسەتەکانی تورکیادا هەن، بەڵام ئانکەرە پێدادەگرێت لەسەر ئەوەی هیچ وڵاتێک بۆی نییە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بەشوێن سوتەمەنیدا بگەڕێت ئەگەر ڕەزامەندی تورکیای نەبێت.

ئەم سیاسەتانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا و فەرمانڕەەوایەتی پارتی داد و گەشەپێدانیش وەهایان کردووە قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا، قوڵتر ببنەوە و ئاڵۆزتریش ببن، بەڵام هێشتا نازانرێت کۆی ئەم هەڵکشان و داکشانانە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، چ جۆرە کاریگەرییەکی دەبێت بەسەر ئەو هەڵبژاردنەی تورکیاوە کە بڕیارە لە ساڵی 2023دا بکرێت.

ئایا سیاسەتی دەرەوەیی تورکیا چەندێک کاریگەری هەبووە بەسەر هێورکردنەوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەدا؟

ئایا ئەم سیاسەتە دەرەوەییانەی تورکیا، ولاتەکە بەرەو ئەوە دەبات لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی لە پەراوێز بنرێت؟
ئایا ئەگەری هاوپەیمانێتییەک لە نێوان هەدەپە و جەهەپەدا، دەشێت وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ حکومەتەکەی ئاکەپە لێی بڕوانرێت؟

کەمال چۆمانی، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:56 0:00
XS
SM
MD
LG