لە ئاکامی هێرشێکی خۆکوژی لە هەرێمی پاکتیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان 5 کەسی سیڤیل کوژراون و بەلانی کەم 29 کەسیش بریندارن.
بەپێی لێدوانەکانی کاربەدەستانی ئەفغانستان ئامانجی هێرشبەرەکە بنکەیەکی سەربازی بووە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە شوێنی مەبەست خۆی تەقاندۆتەوە.
تاڵیبان بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە و دەشڵێت ئەو هێرشە تۆڵەکردنەوەیەکە لە لێدوانەکانی ئەشرەف غەنی کە هێرشەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە کرایە سەر نەخۆشخانەیەکی منداڵ بوون و 24 کەسی تیادا کوژران، لە ئەستۆی تاڵیبانی نابوو.
دوو منداڵی ساوا لە نێو کۆژراوەکانی ئەو نەخۆشخانەیەدا بوون.
ڕۆژی سێشەممە، تاڵیبان نکوڵی کرد لەوەی هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشەوە هەبووبێت و ناڕەزاییەکی توندیشی دەربڕی.
زاڵمای خەلیلزاد، نێردراوی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان داوای لە حکومەتی وڵاتەکە و لە تاڵیبانیش کرد تا پێکەوە کار بۆ لەناوبردنی تێرۆریزم بکەن، بە تایبەتیش لە لقی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەفغانستاندا.
چەکدارەکانی تاڵیبان و دەوڵەتی ئیسلامی ڕکابەری یەکترن.
کاربەدەستانی ئەمریکایی و ئەفغانستانیش دەڵێن لەم چەند مانگەی ڕابردوودا دەوڵەتی ئیسلامی لاواز بووە بەهۆی بۆردومانکردنی بنکەی ئەو ڕێکخراوە لەلایەن ئەمریکاوە و هەروەهاش بەهۆی هێرشەکانی هێزە ئاسایشییەکانی ئەفغانستانە و تاڵیبانەکانیشەوە.