Accessibility links

دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە لایەن چەندین گروپی ئەجێندا جیاوازەوە شێوێندراوە


کوشتنی خەڵکی سڤیل و هێرشی چەکداری لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەردەوامیان هەیە، تێکەڵ بوونی ئەجێندای جۆرا و جۆر و بوونی دەیان گروپی چەکداری لەو ناوچانە، وایانکردووە ناسینەوەی "هێرشبەرەکان" ئاسان نەبێت.

داعش تەنها رێکخراوی چەکدارە، نکوڵی لەو هێرشانە ناکات کە ئەنجامیان دەدات و بەرپرسیارێتی لەبارەیانەوە ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا دەیان گروپی تری چەک بەدەستی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت لەو ناوچانە بوونیان هەیە و بانگەشەی پاراستنی ئەمنی دەکەن، بەڵام زۆرجار سەقامگیری لەبەرژەوەندیاندا نیە.

ئەنجامدانی هێرشی چەکداری لەناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ هەر گروپ و لایەنێک قورس نیە، بەو پێیەی ناوچەکە سەقامگیری تێدا نیە و یەکتری تۆمەتبارکردنی گروپەکانیش وایکردووە، بە ئاسانی تاوانەکان ون بکرێن و نەتوانرێت لێپێچینەوە ئەنجام بدرێت.

شەوی دووشەممە، لەکاتێکدا سەرقاڵی دروێنەکردن بوون، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لەگوندی مێخاس ی سەربە قەزای خانەقین، دوو جوتیاری کاکەییان کوشت و تراکتۆرەکانیشیان سوتاندن، کە شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە گومانی دروستکردووە.

ڕەجەب کاکەیی، کە چالاکوانێکی کاکەییە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گومان دەکەین، تەقەکردن لەگوندەکانمان و شکاندنی کێلی قەبرەکانمان، لەگەڵ کوژرانی گوندنیشینە کاکەییەکان لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک و ئەنبار، دەستی سیاسییان لە پشتەوە بێت."

وتیشی"داعش هەر تاوانێک ئەنجام دەدات، دواتر ئەنجامدانی تاوانەکە ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆرێک لەو هێرشانەی دەکرێنە سەرمان، ئەو ڕێکخراوە بەرپرسیارێتی خۆی ڕاناگەیەنێت، شێوازی هێرشەکانیش جێ پەنجەی داعشیان پێوە دیار نیە."

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی بواری داکۆکیکار لە کەمینە ئاینیەکان بۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق ئامادەکراوە، دەنگی ئەمەریکا زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکەکەیەوە دەستکەوتووە، تێیدا گومانی ئەوەنیشاندراوە کە دەستی سیاسی لە پشت هێرشی سەر گوندە کاکەیی نیشینەکانەوە هەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژەبەوەکراوە ئەو چەکدارە "نەناسراوانە"ی کە دوو کەسی کاکەییان لەگوندی مێخاسی سەربە قەزای خانەقین کوشتووە، دواتر بەرەو ناوچەی پەڵکانەی نزیک نەفتخاتەی مەندەلی ڕۆیشتوون، ئەو ناوچەیە هێز و گروپی دەرەوەی داعشیشی تێدایە.

هەروەها شەوی سێشەمە، گروپێک چەکداری تری نەناسراو، هێرشیان کردە سەر گوندی تەفرەقەی سەربە قەزای خانەقین، ژن و پیاوێکی کوردیان کوشت، کە پیاوەکە پێشمەرگە بووە، منداڵە 5 ساڵیەکەشیان رفاندوون، دواتر منداڵەکە ڕزگار کراوە.

زانیار جەوهەر کە چالاکوانێکی کوردە لەقەزای خانەقین، ئاماژەی بەوەکرد ژن و پیاوە کوژراوەکە، شیرینیان کڕیووە و خۆیان بۆ ئاهەنگی ساڵیادی کچە بچوکەکەیان ئامادە کردووە، وتی"بەڵام گروپێک چەکدار شاییان لێکردن بە شین، ژن و پیاوەکەیان کوشت."

ئەو هێرش و کوشت و بڕانەی لەناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجام دەدرێن کوت و پڕ ئاشکرا دەبن و ڕاگەیاندنەکان بڵاویان دەکەنەوە، بەڵام ئاشکراکردنی ناسنامەی چەکدارە هێرشبەرەکان، ئەو "کۆدە" یە هێشتا پەی پێنەبراوە.

جگە لە چەکدارانی داعش کە بە ئاشکرا هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن، دەیان گروپی تری سوننە و شیعە لەو ناوچانە هەن، نکۆڵی لەهەر تاوانێک دەکەن کەدەخرێتە ئەستۆیان، بەڵام هەر گروپە و ئەجێندای تایبەت بەخۆی هەیە و جێبەجێکردنی توندوتیژی دەوێ.

کورد تەنها لایەنە لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەستەوەستانە و گروپی ئەجێندا جیاواز هێرشی دەکاتە سەر، لەکاتێکدا داعش لەو ناوچانە بەپاساوی ئاینی بۆ ئەنجامدانی هێرش دەستکراوەیە، هەروەها "چەکدارە عەرەبە شۆڤێنیەکان"ی تریش، بە هەوڵدان بۆ دەرپەڕاندنی کورد لەو ناوچانەو داگیرکردنی زەوی و زارەکانیان تۆمەتبار دەکرێن.

گروپە چەکدارە شیعەکانیش، کە دەیان گروپی جۆراوجۆرن لەو ناوچانە، بە نانەوەی پێشوی بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆیان تۆمەتبار دەکرێن، بەو پێیەی نا سەقامگیری ئەمنی تەمەنیان درێژدەکاتەوە،ئەمە جگە لەوەی لە گرفتی پەیوەندیدار بە جیاوازی مەزهەبی و سیاسی و جێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکیشدا گلاون.

بەشێک لەبەرپرسانی کورد، بەدووری نازانن هەندێک میلیشیای شیعی لە تێکدانی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان گلابن، پێیانوایە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چەک کردنیان، وادەکات هەوڵی دروستکردنی پشێوی بدەن، تا مانەوەیان بە پێویست بزانرێت.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شەوی ڕابردوو، لەگەڕەکی تین ی شیعە نیشین ی خورماتوو، بانگبێژی مزگەوتێکی سونە کوژراوە."

وتیشی"کوژرانی بانگبێژەکە لەو گەڕەکە، لەکاتێکدایە پڕە لەچەکدار و دەستی داعشیشی پێ ناگات."

ناوچە کێشەلەسەرەکان کە بەشێک لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، ئەنبار و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، کورد و شیعە و سوننەشیان تێدایە، ئەو لایەنانە هەمیشە هەوڵی باڵادەست بوونیان لەو ناوچانە داوە و یەکتریان بە "کوشت و بڕکردن" ی یەکتری تۆمەتبار کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:26 0:00


زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

XS
SM
MD
LG