لە ڕاگەیاندنێکی توندئامێزدا تورکیا هەریەکە لە یۆنان و قوبرس و میسر و فەڕەنسا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب گوناهبار دەکات بە "هاوپەیمانێتی بەدکار" پاش ئەوەی ئەم 5 وڵاتە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئیدانەی سیاسەتەکانی ئانکەرە کراوە بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لیبیا.
لەو ڕاگەیاندنەی ڕۆژی سێشەممەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە "ئەو 5 وڵاتە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری دەدەن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هیچ خراپەیەک نابینن لە فەرامۆشکردنی هیوای گەلاندا بۆ دیموکراسی و جێهێشتنیان تا ببنە قوربانی بۆ دیکتاتۆرە کودەتاچییەکان."وەک ئاماژەیەک بە هەوڵەکانی گەلی لیبیا بۆ دیموکراسی.
وەزیرانی دەرەوەی هەر 5 وڵات، ڕۆژی دووشەممە لەڕێی کۆنفرانسێکی تەلەفونییەوە باسیان لە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردوە. تورکیا لەو ناوچەیەدا هەوڵی دۆزینەوەی نەوت دەدات. ئەو ناوچەیەش مافی ئابوری قوبرسە.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو 5 وڵاتە تاووتوێی ڕەوشی لیبیاشیان کردووە.
ئانکەرە دەڵێت ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی لیبیادا مۆری کردوە، مافە ئابوریەکانی دابین دەکات لە ڕووبەرێکی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و ڕێگە بە هیچ پڕۆژەیەکیش نادرێت بەبێ پەسەندکردنی لەلایەن ئانکەرەوە.
یۆنان و قوبرس، ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو ڕێککەوتنە و دەڵێن پێچەوانەی یاسای نێونەتەوەیی و پێشێلکردنی مافەکانیانیشە لەو ناوچەیەدا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، قوبرس و یۆنانی بەوە گوناهبارکردووە کە نایانەوێت دانوستاندن لەگەڵ ئانکەرەدا بکەن، ڕەخنەی لە وڵاتی میسریش گرتووە بەوەی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی میسر ناپارێزێت، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیشی بەوە گوناهبارکردووە کە داویەتیە پاڵ وڵاتانی تر بۆ دژایەتیکردنی تورکیا و لۆمەی فەڕەنساشی کردوە بەوەی ڕێکخەری هاوپەیمانێتی ئەو 5 وڵاتەیە.