Accessibility links

ناڕەزایی پەنابەران لە یۆنان


پۆلیس لە باکوری یۆنان دەڵێت ژمارەیەک کۆچبەر لە ئۆردوگایەکدا لە نزیک سنوری تورکیاوە، ناڕەزاییەکی توندوتیژ ئامێزیان ڕێکخستوە.

پۆلیس دەڵێت، هۆکاری ئەم ناڕەزاییە، پاش چەند هەفتەیەکە لە دواکەوتنی ئەنجامی داواکانیان بۆ مافی پەنابەریی، وەک دەڵێت ئەم دواکەوتنەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوەیە.

دەسەڵاتدارانی یۆنان باسیان لەوەش کردووە، نەوجەوانانی ژێر تەمەن 18 ساڵیش بەشدارییان تیادا کردووە، ئەوانەی خەڵکی گەورەیان لەگەڵدا نییە.

لەو ئۆردوگایەدا نزیکەی 250 کۆچبەر دەژین و تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی نەدراوە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، کارکردن لەسەر دۆسێی پەنابەران کەمی کردووە.

دەسەڵاتدارانی یۆنان لە ململانێیەکی قورسدان بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی لە تورکیاوە بەر لە دانانی ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگەگرتن و خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا، خۆیان گەیاندۆتە یۆنان.

پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە 2 هەفتەی کۆتایی مانگی دوودا پەرەیان سەند، پاش ئەوەی حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند ڕێگە لەو پەنابەرانە ناگرێت کە دەخوازن بگەنە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. یۆنان پۆلیس و هێزی چەکداری وڵاتەکە و هەروەهاش دەزگای پاراستنی سنورەکانی یەکێتی ئەوروپای بەکارهێناوە بۆ ڕاگرتنی هەزاران پەنابەر کە دەیانەوێت لە سنوری یۆنانەوە بپەڕێنەوە بۆ ئەوروپا.

XS
SM
MD
LG