Accessibility links

چین لەسەر ڕۆژنامەوانان هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات


وڵاتی چین کەوتۆتە هەڕەشەکردن لە بەرامبەر ئەو ڕێنوماییە نوێیانەی ئەمریکا دایناون کە کۆت و بەند دەسەپێنێتە سەر پێدانی ڤیزا بە ڕۆژنامەوانانی چین.

ئەم بڕیارەی ئەمریکاش دوابەدوای بڕیاری دەرکردنی زیاتر لە 10 ڕۆژنامەوانی ئەمریکایی بوو لەلایەن بێژینگەوە.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، لەسەر ڤیزای ڕۆژنامەوانە چینییەکان ڕێنومایی نوێی بڵاوکردەوە و تەنها بۆ 90 ڕۆژ ڤیزایان پێدەدات و ئەگەر پێویستی کرد ئەوا ماوەکەیان بۆ درێژ دەکرێتەوە.

پێشتر ماوەی ڤیزای ڕۆژنامەوانانی چین، کراوە بووە تا ئەو کاتەی کارەکانیان لە ئەمریکا تەواو دەکرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا، بەتوندی ناڕەزایی وڵاتەکەی دەربڕیوە لەسەر ئەم بڕیارەی ئەمریکا و بە ڕەفتارێکی هەڵەی ئەمریکا و بە بەشێکیش لە هەڵمەتی سیاسی بۆسەر میدیای چین ناودێری کردووە.

لە لێدوانەکەیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوی لە ئەمریکا کردوە وەک دەڵێت "ئەو هەڵەیە ڕاست بکاتەوە، دەنا هیچ بژارەیەکی تر لەبەردەم چیندا نابێت تەنها ئەوە نەبێت پەرچەکرداری هەبێت بۆ ئەو بڕیارەی ئەمریکا."

گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە بەرامبەر ڕۆژنامەوانان، ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییە دیپۆلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و چینی زیاتر کردووە کە لە ئاکامی مشتومڕ لەسەر دۆسێی کۆرۆنا دروست بووە و هەروەهاش ئەو هەڕەشانەی سەرۆک ترامپ دەیانکات بۆ سەپاندنی گومرگی زیاتر بەسەر بێژینگدا.

لە مانگی 2ی ڕابردوودا، چین 3 ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی لە وڵاتەکە دەرکرد، پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک سەبارەت بە قەیرانی کۆڤید 19، بێژینگ ڕەخنە و ناڕەزایی هەبوو بەرامبەر بەو وتارە.

پاش چەند هەفتەیەک لەو بڕیاری دەرکردنە، واشنتۆن ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی چینی کەمکردەوە کە لە ئەمریکادا کاریان بۆ میدیاکانی چین دەکرد.

XS
SM
MD
LG