Accessibility links

تەقینەوەکانی کابوڵ و هێرشەکەی تاڵیبان


تاڵیبان، هێرشی کردۆتە سەر بنکەیەکی پشکنینی لەشکری ئەفغانستان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

لەو هێرشەدا 6 سەرباز کوژراون و 5ی تریش بریندارن، بەپێی ڕاگەیاندنی حکومەتی ئەفغانستان.

تاڵیبان بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە.

ئەم هێرشەش هاوکاتە لەگەڵ جەختکردنەوەکانی زاڵمای خەلیلزاد، نێردراوی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، سەبارەت بە پێویستییەکان بۆ سنوردارکردنی هەموو کارێکی توندوتیژی لەو وڵاتەدا.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لەسەر ئەم هێرشە دەڵێت، هێزەکانی حکومەت بەرپەرچی ئەو هێرشەی تاڵیبانی داوەتەوە و دەشڵێت، زیانی گیانیش لەناو تاڵیباندا هەیە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ژمارە نەکردووە.

هاوکات چوار بۆمبی چێنراو بەدوای یەکدا تەقیونەتەوە لە گەڕەکێکی باکوری شاری کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستان.

لەم ڕووداوەدا، چوار کەسی سیڤیل بریندار بوون و یەکێکیان منداڵە، بەپێی لێدوانەکانی ڕۆژی دووشەممەی هێزەکانی پۆلیس.

فردۆس فەرامەرز، وتەبێژی پۆلیسی کابوڵ دەڵێت تیمێکی تایبەتمەند بۆ هەڵگرتنەوەی بۆمبە چێنراوەکان گەیشتونەتە شوێنی ڕووادوەکە بۆ لێکۆڵینەوە و دەشڵێت هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەم هێرشە بۆمبییە ڕانەگەیاندوە.

بە گشتی ڕێکخراوەکانی وەک دەوڵەتی ئیسلامی و تاڵیبان ئەم جۆرە تەقینەوانە و هێرشی موشەکی دەکەن لە وڵاتەکەدا.

لەوەتای ڕێککەوتنە مێژووییەکەی مانگی 2ی نێوان واشنتۆن و تاڵیبان، تاڵیبانەکان هیچ هێرشێکی گەورەیان نەکردۆتە سەر پایتەختی ئەفغانستان.

ئەم تەقینەوانەی ڕۆژی دووشەممە هاوکاتن لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانەی لە کابوڵ دەگیرێنە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG