Accessibility links

کەسێک لە ئەڵمانیا بە تاوانی هێرشکردنە سەر تورکەکان دەستگیر دەکرێت


دەسەڵاتداران لە باشوری ئەڵمانیا دەڵێن کەسێکی تەمەن 25 ساڵ دەستگیرکراوە بە گومانی هێرشکردنە سەر دوکانی تورکەکان.

دەسەڵاتداران دەڵێن لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لەو گومانبارە، وتوویەتی خۆی بە لایەنگری ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەزانێت.

دادپارێزی گشتی لە باشوی ئەڵمانیا ڕۆژی یەکشەمە ڕایگەیاندووە گومانبارەکە دەڵێت ئەو ڕەفتارەی کردویەتی لەو ڕقەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەرامبەر تورکەکان هەیەتی.

گومان وایە ئەو کابرایەی دەستگیرکراوە لە مانگی چواری ڕابردووەوە، چوار هێرشی لە شارۆچکەی ڤاڵدکریبریگ کردبێت.

ئەم شارۆچکەیە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری میوشن و نزیکەی 60 کیلۆمەتر دوورە لێوەی.

لە یەکێک لە هێرشەکاندا 6 کەس برینداربوون پاش ئەو بۆمبە سوتێنەرەی هاوێژرابوو، لەکاتێکدا هێرشەکانی تر بەرد گرتنە پەنجەرەکانی دوکانەکان بووە.

گیۆرگ فریتسمدیل دەڵێت ئەو گومانبارە ڕۆژی هەینی دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی گوناهبارکردن دەبێتەوە لە 27 دۆسێی یاساییدا، لەوانە هەوڵدان بۆ کوشتن، ئاگرتێبەردانی بە بەرنامە، هەروەهاش بە سەختی بریندارکردنی خەڵک.

دەستگیرکردنی ئەم گومانبارە بە ڕێکەوت بووە، پاش ئەوەی لەسەر ئەوەی تکتی هاتوچۆی گشتی پێنەبووە دەستگیر دەکرێت. پۆلیس دەڵێت لەناو ئەو جانتایەی پێی بووە، بۆمبێکی لولەیی دۆزراوەتەوە و هەروەها لە ماڵەکەشیدا ژمارەیەک بۆمبی تری لولەیی دۆزراونەتەوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناوی گومانبارەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام وەک پۆلیس دەڵێت ڕەگەزنامەی ئەڵمانیای هەیە و باوانیشی لە تورکیاوە کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا.

XS
SM
MD
LG