Accessibility links

شەڕێکی خوێناوی لە دەوروبەری ئیدلب


ژمارەیەک چەکدار کە پەیوەندییان بە تۆڕە تێرۆرکاریییەکەی ئەلقاعیدەوە هەیە هێرشیان کردۆتە سەر چەند پێگەیەکی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی سوریا.

ئەم هێرشانەی ڕۆژی یەکشەممە لە دەوروبەری دوا ناوچەی ژێر دەستی ئۆپزسیۆنی چەکداری سوریادا کراون و شەڕەکانیش قورس بوون و نزیکەی 35 کەس لە هەردوو لا کوژراون.

شەڕەکانی ناوچەی ئیدلب بە یەکێک لە شەڕە خوێناویەکان دادەنرێن لەوەتای سەرەتای مانگی 3ی ڕابردووەوە کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ڕوسیا هێرشی زەمینی و ئاسمانی حکومەتی سوریا ڕاگیرا بۆسەر پێگەکانی ئۆپزسیۆنی چەکداری وڵاتەکە لە ناوچەی ئیدلب، لە باکوری ڕۆژئاوای سوریادا.

ڕێکخراوی ڕوانگەی سوریایی، بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی لە لەندەنە دەڵێت، ژمارەیەک لە چەکدارەکانی حوراسولدین هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا لە دۆڵی ئەلغاب، و دەشڵێت ئەو ڕێکخراوە پەیوەندی بە ئەلقاعیدەوە هەیە.

ڕوانگە دەڵێت، لە ئاکامی ئەو شەڕانەدا 21 کەس لە هێزەکانی حکومەت و 13 چەکداریش لە حوراسولدین کوژراون.

لەم شەڕانەی ڕۆژی یەکشەممەدا، وەک ڕوانگە و چالاکوانانیش لە ناوچەکەوە دەڵێن، هێزەکانی ئۆپزسیۆن توانیویانە کۆنترۆڵی گوندی تەنجەرە بکەن و هێزەکانی حکومەتیش کەوتوونەتە بۆردومانێکی خەستی ناوچەکەی دەستپێکردووە و وەک دەڵێن "پێدەچێت خۆ ئامادەکردن بێت بۆ هێرشێکی بەرپەرچ دەرەوە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ ڕاگەیاندنێک لەلایەن حکومەتی سوریاوە لەسەر ئەم هێرشانە نەدراوە.

حوراسولدین ڕێکخراوێکی توندڕەوە ولە هەیئەتی تەحریری شام جیابۆتەوە و بە بەهێزترین لایەنی چەکدار دادەنرێت لەناو سەرهەڵداوانی ئیدلبدا.

حوراسولدین، هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی سوریادا ڕەت دەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG