Accessibility links

لە عێراق خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە


جارێکی تریش خۆپیشاندانەکان لە هەندێک لە شارەکانی عێراق دەستپێدەکەنەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا، پێکدادان لە نێوان هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە و خۆپیشاندەراندا ڕوویانداوە و ئەمەش پێدەچێت کۆتاییەک بێت بە نزیکەی 3 مانگەی ئارامبوونەوەیە و هەروەهاش دوای چەند ڕۆژێکە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی موستەفا ئەلکازمی.

خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە بەغدا و لە شارەکانی تری باشوری عێراق لە مانگی دەی ساڵی 2019 دەستیانپێکرد و خۆپیشاندەران داوایان دەکرد گەندەڵی نەهێڵدرێت و هەروەهاش دەسەڵاتدارانی عێراق بگۆڕدرێن.

بەڵام دابەشبوونی سیاسی لەناو وڵاتەکەدا و بەرزبوونەوەی ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەهاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جموجۆڵەکانی شەقامی عێراقی ڕاگرت، هەرچەندە ژمارەیەکی بەرچاوی خۆپیشاندەرانی عێراقی لە مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکاندا مابوونەوە.

پاش ئەوەی پەرلەمانی عێراق، متمانەی بەخشی بە حکومەتە نوێیەکەی کازمی، چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد و دەیانگوت 'سەرەک وەزیری نوێ بەشێک بووە لەو دەسەڵاتدارانەی شەقام رەتیان دەکاتەوە."

وێنەگرێکی ئاژانسی فرانس پرێس، دەڵێت پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە دەیان خۆپیشاندەر لە مەیدانی تەحریر گردبووبوونەوە و دروشمی "میلەت دەیەوێت ڕژێم بڕوخێنێت"یان دەگوتەوە.

هێزە ئاسایشییەکان لە ڕێی بەکارهێنانی ئاو و بۆمبی دەنگی و هەروەها گازی فرمێسک ڕژێنیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران لە کاتێکدا دەیانوست بەسەر ئەو بەربەستەدا بپەڕنەوە کە بۆ داخستنی پردی جەمهوری دانراوە، واتە ئەو پردەی دەچێتە ناو ناوچەی سەوز لە بەغدا.

سەرچاوەیەکی تەندروستی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە نزیکەی 20 خۆپیشاندەر توشی هەناسە تەنگی هاتوون بە هۆی بۆمبە گازییەکانەوە.

لە شاری ناسریەی باشوری عێراقیش، خۆپیشاندان دەستیپیکردۆتەوە و ئەمجارەیان خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەت کردووە تا پەلە بکات لە جێبەجێکردنی پەیمانەکانیدا بۆ لێپێچینەوە کردن لەو بەرپرسانەی زیاتر لە 550 کەسیان لە خۆپیشاندەران کوشتووە و هەروەهاش داوای هەڵبژاردنی پێشوەختیان کردووە بەپێی یاسایەکی نوێ.

لە شاری کوت، سەدان خۆپیشاندەر لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە چووبوونە سەر شەقامەکان و بارەگای ڕێکخراوی بەدر دەسوتێنن و هەروەهاش ماڵی ئەندامێکی پەرلەمان کە سەر بە عەسائب ئەهلولحەقە.

عەسائب ئەهلولحەق، یەکێکە لەو لایەنانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

سەرەک وەزیری نوێی عێراق، پەیمانی ئازادکردنی تەواوی حەو خۆپیشاندەرانەی داوە کە دەستگیرکراون و هەروەها لە لێدوانەکانی ڕۆژی شەممەشیدا پەیمانی جێبەجێکردنی دادوەری و قەرەبوو کردنەوەی کەس و کاری قوربانییەکانیشی داوە.

کازمی، پەیمانی داوە لێپێچینەوە بکرێت لەوانەی کەمتەرخەم بوون بەرامبەر خوێنی عێراقییەکان.

کازمی بڕیاری گێڕانەوەی ژەنەراڵ عەبدولوەهاب ئەلساعدی داوە بۆ پۆستەکەی پێشتری وەک سەرکردەی هێزەکانی دژە تێرۆر.

عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری دەست لەکارکێشاوە، ژەنەراڵ ئەلساعدی لە پۆستەکەی لادا.

XS
SM
MD
LG