Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات هەوڵەکانیان لە دژی سەرهەڵدانەوەی داعش چڕ دەکەن


هێزی تایبەتی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا هێرشێکیان دژ بە داعش لە سوریا ئەنجام دا و تیایدا ڕێبەرێکی ناوەندییان دەستگیرکرد کە پەیوەندی هەبووە بە زیادبوونی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەو گروپە تیرۆرستییە لە ناوچە دووردەستەکانی دێرئەلزور.

کاربەدەستانی هاوپەیمانان ڕۆژی پێنجشەممە ستایشی سەرکەوتنی ئەو چالاکییەیان کرد بەڵام وردەکاری زۆر کەمیان لەسەر ئەو هێرشە ئاشکرا کرد کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیش تیایدا بەشدار بوون.

لە ماوەی هەفتەی ڕابوردوودا بەلانی کەم ئەمە دووهەمجارە هەڵمەتی لەم جۆرە لە دێرئەلزور ئەنجام بدرێت. لە یەکی مانگی پێنجیشدا لە هێرشێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات شانەیەکی داعش لە هاژین دەستگیرکران.

ئەم هەڵمەتە لە کاتێکیشدایە کە سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامن لە دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لەمەڕ زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ماوەی مانگی ڕابوردوودا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند زۆربەی هێرشەکان تەقەمەنی پێشکەوتووی تیادا بەکار هاتووە.

کاربەدەستانی هاوپەیمانان دانیان بەوەداناوە کە ئەم نیشانانە جێگای نیگەرانین، بەڵام دوودڵیشن لەوەی ئەم چالاکیانەی گروپەکە بە دووبارە سەرهەڵدانەوەو بەهێزبوونی گروپەکە لە سوریا یان عێراق لێکبدەنەوە.

کۆلۆنێڵ سەڤانا هەیلۆ لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتکانی هێزی هاوپەیمانان دەڵێت " لەم کاتەدا زیادبوونی چالاکییەکانی داش بەدەی دەکرێت بەڵام ئەو چالاکیانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە بە بەراورد لەگەڵ هەمان کاتی ساڵی 2019."

ئەو گوتیشی "سەرەڕای ئەوەی پاشماوەکانی داعش دەردەکەون، هێرشەکانیان لە عێراق زۆر کەمترە لە ساڵی ڕابوردوو، ئەوان هەوڵ دەدەن بە ڕێگای پروپاگەندەکانیانەوە خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، میدیاکان و پەیامەکانیانەوە دەربخەن."

کاربەدەستانی هاوپەیمانان ئاماژەیان بەوەش کردووە هەوڵەکانی داعش بۆ خۆ دەرخستنەوەیان بێ وەڵام نابن.

XS
SM
MD
LG