بەلانیکەم 14 چەکداری ئێرانی و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران کوژراون لە ئاکامی ئەو هێرشە ئاسمانیانەی شەوی ڕابردوو کراونەتە سەر چەند شوێنێکی هەرێمی دیرلزور لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا.
ڕێکخراوی ڕوانگەی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت پێدەچێت فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەو هێرشانەیان کردبێتە سەر بیابانی دەوروبەری شاری مەیادین و هەردوو شارۆچکەی ساڵحیە و قورییە، وە دەشڵێت ئەوانەی کوژراون، ئێرانی و عێراقیشن.
ڕوانگە، بەدوریشی نازانێت ژمارەی کوژراوەکان زیاتر ببن، وەک دەڵێت ژمارەیەک برینداریش هەن و برینی هەندێکیان زۆر قورسن.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، میدیای فەرمی وڵاتی سوریا هیچ ئاماژەیەکی بەو هێرشە ئاسمانیانەی شەوی ڕابردوو نەکردووە.
ئەم هێرشانەی دیرلزور، پاش ماوەیەکی کەم لەو هێرشە ئاسمانیانە بوون کە کرانە سەر ژمارەیەک عەمماری چەک لە ناوچەی سەفیرە لە هەرێمی حەڵەب. حکومەتی سوریا ئیسرائیلی گوناهبارکرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
هێزە چەکدارەکانی ئێران و عێراقیش لە نێوان شارەکانی ئەلبوکەمالی سەر سنور و مەیادیندا دانراون.
زۆر جاریش بنکەکانیان بوونەتە ئامانجی هێرشی هاوشێوە.
ئیسرائیل لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، بۆردومانکردنی لەناو خاکی سوریادا چڕ کردۆتەوە و بەتایبەتیش هێرشە ئاسمانیەکانی دەکاتە سەر بنکەکانی لەشکری سوریا و هەروەهاش بنکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنانیش.
ئیسرائیل بەردەوام دەڵێت درێژە بەو هێرشە ئاسمانیانەی خۆی دەدات دژی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تۆکمەکردنی پێگەی لەشکریی تاران لە سوریادا و هەروەها گەیاندنی چەکی پێشکەوتوو بە حزبوڵای لوبنان.