Accessibility links

ڕوسیا خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشێتە سەرۆکی کۆریای باکور


سەرۆکی ڕوسیا و سەرۆکی کۆریای باکور-ئەرشیف
سەرۆکی ڕوسیا و سەرۆکی کۆریای باکور-ئەرشیف

ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا مەدالیای جەنگ دەبەخشێت بە سەرۆکی کۆریای باکور.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە پیۆنگ یانگ، بەخشینی ئەم مەدالیای جەنگە، بە بۆنەی 75ەمین ساڵیادی سەرکەوتنە بەسەر ئەڵمانیای نازیدا.

لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە "ئەم مەدالیایە بەخشراوەتە کیم جون ئونگ، ڕابەری کۆریای باکور بۆ ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە پاراستنی یادەوەرییەکانی ئەو سەربازانەی یەکێتی سۆڤیەت، کە لەسەر خاکی کۆریای باکور گیانیان لەدەستدا."

ڕۆژی سێشەممە، ئەلیکساندەر ماتسیگۆرا، باڵیۆزی ڕوسیا مەدالیاکەی داوەتە دەست ڕی سون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور.

سەرۆکی کۆریای باکور بەشداری نەکردوە لە مەڕاسیمەکەدا. لە هەفتەی ڕابردوودا دەنگۆکان زۆر بوون لەسەر ئەوەی سەرۆکی کۆریای باکور نەخۆشە.

وێنەکانی لەو مەڕاسیمی بەخشینی مەدالیایەدا گیراون، نیشانی دەدەن بەرپرسانی هەردوو وڵات دەمامکیان پێوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کە پیۆنگ یانگ هیچ ڕاگەیاندنێکی نەداوە سەبارەت بە توشبوون بە پەتای کۆرۆنا.

لە ساڵی ڕابردوودا، ڕوسیا، سەرۆکی کۆریای باکوری بانگهێشت کرد تا بەشداری بکات لەو نومایشتە سەربازیەی بڕیار بوو ڕۆژی 9 ئەم مانگی پێنجە بکرێت بە بۆنەی 75ەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر نازییەکاندا،بەڵام سەرۆکی ڕوسیا ئەو نومایشتەی دواخست بۆ کاتێکی نادیار، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

لە ساڵی 2015دا سەرۆکی کۆریای باکور، بانگهێشتنێکی هاوشێوەی ڕەتکردەوە بۆ بەشداریکردن لە حەفتاهەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیای نازیدا و باسی لەوە کردبوو کە ژمارەیەک وابەستەیی هەیە لە پەیوەندی بە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیەوە.

XS
SM
MD
LG