سەرۆکی نێوەندی ڕۆبیرت کوخ بۆ نەخۆشیە درمیەکان و ڤایرۆسییەکان لە ئەڵمانیا دەڵێت شەپۆلێکی تری بڵاوبوونەوە و توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەیە.
لوتار فیلەر، سەرۆکی نێوەندەکە دەشڵێت ئەڵمانیا بە شێوەیەکی زۆر باش ئامادەیە لە ڕووی بەرەنگار بوونەوە و سەروسەوداکردن لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا.
فیلەر دەڵێ، بە دڵنیاییەوە دەزانن کە شەپۆلێکی تری ئەم پەتایەی کۆڤید 19 بەڕێوەیە و زۆربەی زاناکانیش ئەم ڕاستییە دەزانن.
ئەم لێدوانانەی ڕۆژی سێشەممەی سەرۆکی نێوەندی ڕۆبیرت کوخ لەکاتێکدایە زۆرێک لە نێوەندە تەندروستییەکانی جیهانیش ئاماژە بە شەپۆلی سێهەمی ئەم پەتایە دەکەن.
لوتار فیلەر، جەخت دەکاتەوە لەوەی ئامادەباشی ئەڵمانیا لە بارێکی باشتردایە و ئاماژەشی بەوە کردووە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەزمونێکی زۆر بەدەست هاتووە و پزیشکەکان لە ئێستادا زانیاری زیاتریان لەبەردەستدایە سەبارەت بە چۆنیەتی سەروسەوداکردن لەگەڵ کۆڤید 19دا، بەڵام دەشڵێت "بێگومان هێزی ئەم شەپۆلی دووهەمەی کۆرۆنا، گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیار دەکات."
لە ئێستادا ئەڵمانیا، هاوشێوەی ژمارەیەک وڵاتی تر، کار لەسەر هێورکردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانە دەکات کە لە مانگی 3دا بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا داینابوون.