Accessibility links

سەرۆکی سوریا لەبارەی ئەگەرەکانی کۆرۆناوە دەدوێت


سەرۆکی سوریا ئاگاهی دەدات و بە "کارەساتێکی ڕاستەقینە" ناودێری دەکات و دەڵێت ئاستی ئەو کارەساتە لە توانایی حکومەتدا نابێت ئەگەر بێتوو بەرزبوونەوەیەکی زۆر و لەناکاوی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە سوریادا ڕووبدات.

ئەم لێدوانانەی ڕۆژی دووشەممەی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریا هاوکاتە لەگەڵ سوک کردنی ڕێوشوێنەکانی لە وڵاتەکەیدا گیرابوونەبەر تا کاریگەرییە ئابورییەکان کەمتر بکاتەوە.

سەرۆکی سوریا، لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاماژەی بەوەش کردوە کە کەمی ژمارەی توشبووان بە کۆڤید 19 هەرگیز بەو مانایە نییە وڵاتەکە لە مەترسی دەرچووە و سوریا ناکەوێتە بەردەم کارەساتێکی گەورەوە لە ڕۆژانی یان لە هەفتەکانی ئایندەدا، وەک دەڵێت " کارەساتێک گەورەتر لە توانایی تەندروستی و لۆژیستی سوریا."

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا 44 کەس تۆمارکراون کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و هەروەها دەسەڵاتدارانی سوریایی دەڵێن 3 کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات بەڕێوبەرایەتی کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت لەناوچەکانی خۆیدا تا ئێستا 3 کەس توشی پەتای کۆرۆنا بوون.

هێشتا لە سوریا قەدەغەکردنی هاتوچۆ هەیە لە شەودا و هاتوچۆش لەنێوان هەرێمەکاندا قەدەغەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی سوریایی دەستیان کردووە بە هێورکردنەوەی ڕێوشوێنەکان.
لە هەفتەی ڕابردووەوە لە ڕۆژدا بازاڕەکان کراوەن و هەروەها دەستیشیان کردووە بە دانانی پلانێک بۆ کردنەوەی زانکۆکان.

شەڕی ناوخۆی سوریا بۆتە مایەی وێرانکردنی ژێرخانی وڵاتەکە و هەروەهاش زیانێکی زۆریشی داوە لە دامەزراوە تەندروستییەکانی وڵاتەکە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تا کۆتایی ساڵی 2019 نزیکەی لە سەدا شەستی نەخۆشخانەکانی سوریا خزمەتگوزاری تەندروستییان تیادا دەکرا، هەروەها نزیکەی لە سەدا حەفتای کارمەندانی بواری تەندروستی وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

XS
SM
MD
LG