Accessibility links

کوژرانی 9 پۆلیس لە درعا


ژمارەیەک چەکداری نەناسراو 9 کەس لە هێزی پۆلیسی سوریا دەکوژن لە گوندێکی نزیک سنوری شانشینی ئوردونەوە.

میدیای حکومەتی سوریا و هەروەها ڕێکخراوی ڕوانگە بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریادا ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردۆتەوە و دەڵێن هێرشەکە لە هەرێمی درعا کراوە، ئەو ناوچەیەی ڕاپەڕینی گەلی سوریای لێوە دەستپێکرد لە مانگی 3 ی ساڵی 2011. دواتر ئەم ڕاپەڕینە بووە شەڕی ناوخۆی سوریا و ئەم شەڕەش بووە مایەی کوژرانی زیاتر لە 400 هەزار کەس و هەروەهاش ئاوارەبوونی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە.

هەرێمی درعا، بۆتە جێیەک بۆ کوشتن و هێرشکردنە سەر هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کە لە مانگی 7ی ساڵی 2018 ەوە هێزەکانی حکومەت توانییان کۆنترۆڵی بکەنەوە.

ئاژانسی دەنگ و باسی سانا، نوسیویە، پۆلیسەکان لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی ڕۆژانە و ئاسایی خۆیاندا کوژراون، وە هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر ڕووداوەکە باس نەکردوە.

بەڵام ڕوانگەی سوریایی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سوریادا، بنکە لە لەندەن، دەڵێت ژمارەیەک چەکداری نەناسراو ئەو 9 پۆلیسەیان ڕفاندووە بەر لەوەی بیانکوژن، دواتر تەرمەکانیان لە یەکێک لە شەقامەکانی گوندی موزەیرەب جێهێشتووە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندوە، بەڵام لەم ماوەیەی ڕابردوودا هێرشەکانی شانە نوستووەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا زۆر بوون. لە مانگی ڕابردوودا، تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرپرسیارێتی خۆی لە کوژرانی دوو ئەفسەری لەشکری سوریا ڕاگەیاند لە هەرێمی درعا.

XS
SM
MD
LG