تورکیا نکوڵی دەکات لەوەی دوو فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکە، ڕێیان لە هەلیکۆپتەرێکی لەشکریی یۆنان گرتبێت کە وەزیرێکی حکومەتی یۆنانی تیادا بووە.
ئانکەرە جەخت دەکاتەوە لەوەی یۆنان هەوڵ بۆ وروژاندنی پشێوی دەدات لە ڕێی ئەو جۆرە ڕاگەیاندنانەیەوە.
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو ڕەفتارانەی تورکیا و ئیدانەشی کردووە، وەک دەڵێت دوو فڕۆکەی جەنگیی تورکیا لە ئاسمانی دەریای ئیجەدا تەنگیان بەو هەلیکۆپتەرە لەشکرییە هەڵچنیبوو کە نیکۆس بانایۆتۆبۆلۆس، وەزیری بەرگری یۆنانی و ژەنەراڵ کوستەنتینۆ فلۆرۆس، سەرکردەی ستونە لەشکرییەکانی وڵاتەکەی تیادا بوون.
لەو ڕاگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، کە ئەو جۆرە ڕەفتارانە جێی قەبوڵ کردن نین.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نکوڵی دەکات لەوەی شتی ئاوەها ڕوویدابێت و دەڵێت ئەو دوو فڕۆکە جەنگییە، لە ئەرکی ئاسایی خۆیاندا بوون لە ئاسمانی دەریای ئیجەدا و دەشڵێت "لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئەرکی ئاسایی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هیچ بەرژەوەندییەکی وڵاتی یۆنانی تیادا نییە."
سەرچاوەیەکی لەشکری یۆنان دەڵێت، وەزیری بەرگری و سەرکردەی ستونە لەشکرییەکان لە ڕێگەدا بوون بۆ سەردان کردنی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە دوڕگەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی دەریای ئیجە.