Accessibility links

چەکدارە گیراوەکانی داعش ئاژاوە دەنێنەوە


گیراوەکانی داعش لە زیندانێکی حەسەکە
گیراوەکانی داعش لە زیندانێکی حەسەکە

چەکدارە گیراوەکانی داعش دەستیان کردۆتەوە بە ئاژاوەگێڕان لە گرتوخانەیەکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا.

ئەم ڕووداوانەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێک پاش یەک مانگ بوون لەو ئاژاوەگێڕیانەی لەهەمان گرتوخانەدا ڕوویاندابوو کە 4 توندڕەو توانیبویان لە گرتوخانەکە هەڵبێن بەپێی ڕێکخراوی ڕوانگەی سوریایی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەروەهاش بەپێی چالاکوانانی کورد لە ناوچەکەدا.

هێزە کوردیەکان هێزی زیاتریان ناردووە بۆ ئەو گرتوخانەیەی شاری حەسەکە، هاوکاتی ئەوەی هەلیکۆپتەرە سەربازیەکانی ئەمریکا بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەسوڕانەوە.

لە ئێستادا کورد لە سوریادا زیاتر لە 24 گرتوخانە بەڕێوەدەبات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا کە نزیکەی 10 هەزار چەکداری گیراوی داعشیان تیادان.

نزیکەی 2 هەزار چەکداری بیانی سەر بە داعش لە نێو گیراوەکاندان و وڵاتەکانیان وەریان ناگرنەوە.

کینو جبریل، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، توانراوە ئەو ئاژاوەگێڕیانەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە لە گرتوخانەکەی حەسەکە ڕوویداوە کۆنترۆڵ بکرێت و دەشڵێت بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەندامانی هاوپەیمانێتی دژە داعش کە بە سەرکردایەتی ئەمریکایە، بەشدارییان لە وتووێژەکاندا کردووە لەگەڵ گیراوەکاندا.

بەڕێز جبریل ئاماژەی بەوەش کردوە کە هێزە تایبەتەکانی کورد و یەکەکانی دژە تێرۆر بەشدارییان هەبووە لە دامرکاندنەوەی ئاژاوە گێڕییەکاندا، بەڵام باسی لەوە نەکردووە چەند گیراوی داعش لەو ئاژاوەگێڕییە تێوەگلاون، یان ئایا زیانە گیانی هەبووە یان نا.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، هاوپەیمانێتی دژە داعس و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی گیراوەکانی داعش، دەشڵێت پێویستە لەسەریان پشتیوانی باشترکردنی بژێوی و هەروەهاش ڕەوشی ئاسایشی ئەو گرتوخانانە بکەن.

لە کۆتایی مانگی 3دا، ئاژاوەگێڕیەکانی ناو گرتوخانەکەی حەسەکە 2 ڕۆژی خایاند. گیراوەکانی داعش دیوارەکانی گرتوخانەکەیان هەڵکۆڵیبوو، 4 لە گیراوەکان ڕایانکردبوو، دواتر دەستگیرکرانەوە.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە، مەزڵوم عەبدی، سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات داوای لە وڵاتەکانی چەکدارە بیانییەکانی داعش کردبوو تا چارەسەرییەک بدۆزنەوە بۆ دۆسێی گیراوەکانیان.

XS
SM
MD
LG