Accessibility links

ئێران ئاگاهی دەدات


گەورە بەرپرسێکی ئێران ئاگاهی دەدات سەبارەت بەوەی ڕێککەوتنی ناوکی وڵاتەکەی بۆ هەتایە دەمرێت، ئەگەر بێتوو ئەو گەمارۆی چەکەی لەسەر ئێرانە درێژ بکرێتەوە.

ئەمریکا کە تاک لایەنە لەو ڕێککەوتنە ناوکیە کشاوەتەوە، دەستی کردووە بە هەوڵێکی دیپلۆماسیانە، بۆ درێژکردنەوەی ئەو گەمارۆ چەکییە لەسەر ئێران، کە بڕیارە لە مانگی 10ی داهاتوودا قۆناغ بە قۆناغ هەڵبگیرێت.

هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران، بەشێکە لە بڕیارەکەی ساڵی 2015ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێککەوتنی ناوکی نێوان وڵاتانی زلهێز و کۆماری ئیسلامی ئێرانی تیادا پەسەند کرا، بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

عەلی شامخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "ئەو ڕێککەوتنە ناوکییە بۆ هەتا هەتایە دەمرێت ئەگەر بێتوو بە پێچ و پەنا سەودا لەگەڵ بڕیاری 2231 دا بکرێت و سزا نا یاساییەکان لەسەر ئێران بەردەوام بێت."

هەر لەو پۆستەی تویتەردا، شامخانی پرسیار لەسەر هەڵوێستی هاوبەشە ئەوروپاییەکانی ئێران دەکات و دەنوسێت " یەکێتی ئەوروپا چی دەکات؟ پارێزگاری لە شکۆمەندی و پشتیوانی لە فرەیی دەکات؟ یان سەرشۆڕی و یارمەتیدانی تاک لایەن؟"

لەوەتای کشانەوەی تاک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە و سەپاندنی سزا بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، تاران پاشەکشەی کردووە لەو وابەستەییانەی بەپێی ڕێککەوتنەکە لە ئەستۆیەتی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات ئەو گەمارۆ چەکیانەی لەسەر ئێرانن درێژ بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG