Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: عومەر دڵپاك


شانۆ لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، باسی لە دۆخ و ڕەوشی شوێنی تر بۆ دەکردین، بەڵام هەمیشە ئەو هەستە لای ئێمەی بینەر دروست دەبوو کە شوێن و کات لە چنینە دراماییەکانی ڕووداوەکاندا تێپەڕێندراون و باس باسی ئێمەیە.

زۆربەی کارە هونەرییەکانی ئەوسا، بەردەوام ئاوڕدانەوە بووە لەو واقیعەی تیایدا ژیان بەڕێدەکرا و دیمەنەکانی ئەو نومایشتە شانۆییانە هەریەکەیان وێستگەیەک بوون لە ژیانی ئێمە.

زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوت شانۆگەرییەک هەبووبێت وەهای لێنەکردبیت بکەویتە بیرکردنەوە لە خۆت و لە دەوروبەریشت.

دیمەنێک لە نومایشتی "لە سێبەری دڕکا" یەکەم کاری هونەرمەند عومەر دڵپاک
دیمەنێک لە نومایشتی "لە سێبەری دڕکا" یەکەم کاری هونەرمەند عومەر دڵپاک

کارکردنی هونەرمەندان ئا لەو سەروەختەدا، نەک هەر کارێکی ئاسان نەبوو، بگرە زۆریش زەحمەت بوو؛ ئێ ئاخر لەو ساڵانەدا هەموو شتێک سانسۆر بوو، دەق سانسۆر دەکرا، هونەرمەند سانسۆر دەکرا، کۆبوونەوەی تیپە هونەرییەکان بۆ تاووتوێکردنی کارە شانۆییەکان و کۆکردنەوەی هونەرمەندان لە یەک کات و لە یەک شوێندا، جۆرێک لە تابوی بەسەرەوە بوو، هەر هونەرمەندێک لە ڕۆژانی پرۆڤەدا بووبێت یان لە ڕۆژانی نومایشتدا، کە دەکەوتە ڕێ بەرەو هۆڵە هونەرییەکەی ئەوا لەگەڵ دەیان دیمەنی نەخوازراودا بەریەک دەکەوتن، دەیان هەواڵی دڵتەزێنی دەبیست، ئەمانە زۆر قورسن بۆ هونەرمەندێک کە بگوترێت کاریگەری نەکردۆتە سەر سایکۆلۆژیای ئەو هونەرمەندە، بەڵام کاتێکیش دەچووە سەر تەختی شانۆ، هەمیشە وەک شاخێک بووە، کێوێک بووە لە هونەر و هەڵوێست.

ئەو کاتە شانۆ ڕێک ئەو خوێندنگە گەورە و پیرۆزە بووە کە بە ئاسانی دەتتوانی سەیری بابەتگەلە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکەیت، لەوەش ئاسانتر، بینینی شکۆی شانۆ بوو لەو وابەستەییەی هەیبووە بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و باسکردنی ڕەهەندەکانی ئازادی و مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەریی.

جا بەڕاستی زۆرن ئەو شانۆگەری و نواندنە تەلەفزیۆنیانەی کە دەتوانین بە نمونە بیانهێنینەوە، لەو سەروەختانەی هەموو شتێک هەبوو، بەڵام ئازادی نەبوو.

کێ لە ئێمە نومایشتی "فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ" ی لەبیرکردووە؟

من بۆخۆم ئەو نومایشتە تا ئێستاش هەر لە هزرمدا ماوەتەوە، هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت بە یەکێک لەو کارە هونەریانەی دەزانم کە پێویستە ئەم شاکارە هونەرییەی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕۆژانە پەخش بکرێتەوە تا بەردەوام لە یادمان بێت ئەوە ئێمەین فیلەکەی پادشا دەمانشێلێت و بێدەنگین، ئەوە ئێمەین لەترسی جەبەروتی پادشا و فیلەکەی، لەبەردەم پادشا و فیلەکەشیدا قڕوقەپ دەکەین.

هونەرمەند عومەر دڵپاك، پاڵەوانی سەرەکی ئەو نومایشتەبوو.

عومەر دڵپاک، زیاتر لە 50 ساڵە ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم، بە هەموو هەوراز و نشێوەکان و پێدەشتەکانی هونەردا هەنگاوی ناوە.

دڵپاکی هوونەرمەند، لە هەموو کارە هونەرییەکانیدا جێی سەرنج بووە و تەماشکانی بینەری بەلای خۆیدا بردووە.

لە شانۆییەکدا، یان لە هەر کاریکی تری هونەریدا، بەشدارییەکەی عومەر دڵپاک، هەرگیز بە کەم و زۆر پێوانە ناکرێت، بەڵکو تواناییە هونەرییەکەی ئەم هونەرمەندەمانە، بمانخاتە بەردەم پرسیارگەلێکی پڕ لە سەرنجەوە، بەرامبەر هونەرمەندێک کە هەرگیز لە بەخششی هونەری ڕاناوەستێت، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە دوور دەکەوێتەوە، چەنکە هێشتاش خەمە گەورەکەی هەر شانۆیە و هەر هونەری نەتەوەیەکە.

هونەرمەند عومەر دڵپاک، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:26 0:00
XS
SM
MD
LG