ئیسپانییەکان ڕۆژی شەممە جموجۆڵیان خستەوە نێو شەقامەکان لە کاتێکدا بۆ یەکەم جار لە ماوەی حەوت حەفتەی ڕابوردوودا لە کەشێکی جوانی بەهاردا خەڵکی چوونە دەرەوە بۆ پیاسەو وەرزشکردن، منداڵانی ئەڵمانیش گەڕانەوە گۆڕەپانەکانی یاریکردن لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا هێواش هێواش ئەو قەدەغەکردنی هاتوچۆییەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جێگیرکردابوو کەم دەکەنەوە.
هەرچەندە ڕۆژی شەممە ڕوسیا و پاکستان بەرزترین ڕێژەی توشبوانیان لە ڕۆژێکدا لە وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هێشتا پەتاکە زۆری ماوە کۆتاییپێبێت.
نیگەرانییەکان لە مۆسکۆ زیادیان کردووە لەسەر ئەوەی ڕەنگە نەخۆشخانەکان زۆر قەرەباڵغ بن پاش ئەوەی ڕوسیا 9 هەزارو 633 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاند ئەمەش بە ڕێژەی 20% ی ژمارەکەی ڕۆژی هەینی زیادی کرددووە.
هەتا ئێستا ڕوسیا زیاتر لە 124 هەزار حالەتی ڕاگەیاندووە، 15 هەزاریان چاکبوونەتەوە و 1،222 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بڕوا دەکرێت ژمارەی توشبوان لە ڕوسیا لەوەش زیاتر بێت چونکە هەمو کەسێک تاقیکردنەوەی بۆ نەکراوە و بەپێی ڕاپۆرتانیش تاقیکردنەوەکانی ڕوسیا 70% بۆ 80% ڕاستن.