Accessibility links

ئەڵمانیا حزبوڵای لوبنان دەخاتە لیستی تێرۆریستانەوە


ئەڵمانیا، حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی دەکات وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێنێت و هەموو جموجۆڵێکی حزبوڵای لەسەر خاکی ئەڵمانیا قەدەغە کردووە.

ستیڤ ئاڵتەر، وتەبێژی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتی "وەزیری ناوخۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیاری قەدەغەکردنی حزبوڵای لوبنانی داوە لە ئەڵمانیا."

کاربەدەستانی ئاسایشی ئەڵمانیا لەوبڕوایەدان نزیکەی 1050 کەس لە وڵاتەکەدان و ئەندامی باڵێکی توندڕەوی ناو حزبوڵان.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی وەهایان کرد ئەڵمانیا ئەم بڕیارە بدات، نکوڵی کردنی حزبوڵایە لە مافی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک.

هایکۆ ماس، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "حزبوڵا هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی و تێرۆر دەکات و هاوکاتیش بەردەوامە لە بەهێزکردنی خۆی لە ئەڵمانیادا و پێویستە سەروەری یاسا ڕەچاو بکەین بۆ چارەسەرکردنی جموجۆڵە تاوانکاری و تێرۆریستانەکەی حزبوڵا.

ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز نوسیویە، پۆلیسی ئەڵمانیا، زوویەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، چوونەتە سەر ژمارەیەک شوێن لە وڵاتەکەدا بە ئامانجی دەستگیرکردنی ژمارەیەک خەڵک کە گومان وایە ئەندامی حزبوڵا بن.

پێشتریش بەریتانیا بڕیارێکی هاوشێوەی داوە.

وەزارەتی دارایی بەریتانیا ڕایگەیاند هەموو باڵەکانی حزبوڵای لوبنانی خراونەتە ناو لیستی تێرۆریستانەوە و تەواوی دارایی حزبوڵاشی سڕ کرد.

بەپێی یاسای بەریتانیا هەر کەسێک ئەندامی حزبوڵابێت، دەشێت تا10 ساڵ زیندانی بکرێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل حزبوڵایان بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی داناوە، لە کاتێکدا یەکێتی ئەوروپا تەنها باڵە سەربازییەکەی حزبوڵای خستۆتە لیستی تێرۆریستانەوە.

XS
SM
MD
LG