Accessibility links

خۆ کوژێک لە دەوروبەری کابوڵ بەلانی کەم 3 کەس دەکوژێت


بەلانیکەم 3 کەس دەکوژرێن و 15 کەسی تریش بریندار دەبن لە ئاکامی هێرشێکی خۆکوژی لە دەوروبەری کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستان.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت ئەمە یەکەم هێرش بووە بۆ سەر پایتەختی وڵاتەکە لەوەتای زیاتر لە یەک مانگەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت، هێرشبەرەکە لەبەردەم بنکەیەکی سەربازیدا خۆی تەقاندۆتەوە.

تاریق عوریان دەڵێت ئەو ڕووداوە تاوانێکە دوژمنانی ئەفغانستان کردویانە دژی خەڵکی سیڤیل لەم مانگی ڕەمەزانەدا.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاسایشی، دەشێت هێرشەکە کرابێتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزی تایبەت لە دەوروبەری کابوڵ.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

زەبیحوڵا موجاهد، وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت تاڵیبان لێکۆڵینەوە دەکات تا بزانێت کەس لە تاڵیبانەکان بەشداربووە لەو هێرشەدا یان نا.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی 3دا ئاستی توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان بەرزبۆتەوە، وێڕای ئەو ڕێککەوتنەی تاڵیبان و ئەمریکا مۆریان کردووە بۆ دانانی بناغەیەکی کردەیی ئاشتی لە وڵاتەکەدا.

لەوەتای ئەو ڕێککەوتنەوە کە لە دۆحە مۆرکرا، دوو هێرشی گەورە لە کابوڵ ڕوویانداوە، یەکێکیان کۆبوونەوەیەکی سیاسیانەی شیعەکان کرابووە ئامانج و ئەوی تریشیان پەرستگایەک بوو کە هیندۆس و سیخەکان سەردانیان دەکرد.

ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرپرسیارێتی خۆی لە هەردوو هێرشەکە ڕاگەیاند کە زیاتر لە 50 کەسی تیادا کوژران.

XS
SM
MD
LG