Accessibility links

کۆرۆنا لە جیهاندا


پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا بۆتە مایەی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 210 هەزار کەس، لەوەتای مانگی دوازدەوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین.

بەپێ ئەو ئامارانەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردونەتەوە، لە سەدا 85ی ئەوانەی لە سەرانسەری جیهاندا بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە، لە ئەمریکا و ئەوروپان.

فرانس پرێس، بۆ ئەم ئامارانە، پشتی بە سەرچاوە فەرمییەکان بەستوە تا کاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە.

لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە تا ئێستا زیاتر لە 3 ملیۆن کەس (3027853) توشی پەتای کۆرۆنا بوون.

لە ئەوروپا 126793 کەس بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە.

لە ئەمریکا 56253 کەس بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە.

لە ئەڵمانیا زیادبوونێک لە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا دەبینرێت، هەرچەندە هێورکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێکردوە لە وڵاتەکەدا.

ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە پەلەکردن بۆ گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ ئاسایی کردنەوەی ژیان لە ئەڵمانیادا.

بەپێی ئەو ئاماراەی نێوەندی ڕۆبێرت کوخ، ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردۆتەوە لە ئەڵمانیا 156337 کەس توشی پەتای کۆرۆنا بوون و ژمارەی ئەوانەش کە بە کۆڤید 19 مردون 5913 کەسن.

لە نەمسا، وەزیری تەندروستی وڵاتەکە دەڵێت ڕەوشەکە بەرەو هێورکردنەوە دەبرێت و ڕێگە دەدرێت بە کۆبوونەوە و گردبوونەوەی خەڵک بەو مەرجەی لە 10 کەس زیاتر نەبن.

لە ڕوسیا، نێوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەڵێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 6411 کەس پەتای کۆرۆنایان گرتووە و سەرجەم 93558 کەس لە وڵاتەکەدا هەڵگری ڤایرۆسەکەن و تا ئێستاش 867 کەس بەم پەتایە مردون.

لە ئیسپانیا، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش دەڵێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 301 کەس بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستاش 23822 بەم پەتایە مردون. ژمارەی توشبوانیش بە پەتاکە بەرزبۆتەوە بۆ 210773 کەس.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە زۆرێک لە وڵاتان دەستیان کردووە بە هێورکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی گیرابوونە بەر بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG