Accessibility links

ئیسرائیل دەوروبەری دیمەشق بۆردومان دەکات


3 کەسی سیڤیل بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لە دەوروبەری شاری دیمەشق پایتەختی سوریا کوژراون، بەپێی ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی سوریا، سانا.

ڕێکخراوی ڕوانگە، بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا کوژرانی ئەو 3 کەسە سیڤیلەی پشتڕاست کردۆتەوە و دەشڵێت 4 چەکداری سەر بە ڕژێمی سوریا و سەر بە ئێرانی هاوپەیمانی بەشار ئەلئەسەدیش لەو هێرشە ئاسمانیەدا کوژراون.

سانا دەڵێت، هێرشەکان کراونەتە سەر شارۆچکەکانی ئەلحەجیرە و ئەلعادلیە لە دەوروبەری دیمەشق و چوار کەسیش بریندارن و یەکێکیان منداڵە.

زۆر بە دەگمەن، لەو هێرشە ئاسمانیانەی ئیسرائیلدا خەڵکی سیڤیل بەربکەون.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممە دەوروبەری شاری دیمەشقی بۆردومان کردووە، بەپێی ڕوانگەی سوریایی و هەروەهاش میدیای فەرمی وڵاتەکە.

ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت پەیوەندی کردووە بە لەشکری ئیسرائیلەوە، بەڵام ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانیە بدات.

ڕوانگە دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکان بارەگاکان و شوێنەکانی هێزە سەربازیەکانی ئێران و حزبوڵا و هەروەها هێزە میلیشیاییەکانی تری سەر بە حکومەتی سوریان، کردونەتە ئامانج.

ئیسرائیل بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ خۆ بەهێزکردن لە سوریادا و ناردنی چەکی پێشکەوتووش بۆ حزبوڵای لوبنان.

XS
SM
MD
LG