Accessibility links

شەڕی نێوان پەنابەران لە یۆنان ئاگر لە ئۆردوگایەک بەردەدات


ژمارەیەکی زۆری پەنابەران بێ جێ و ڕێ مانەوە پاش ئەوەی ئاگرێکی گەورە کەوتەوە لە ئۆردوگایەکی پەنابەراندا لە دوڕگەی سامۆس لە یۆنان.

وەزیری کاروباری کۆچبەران لە یۆنان دەڵێت نزیکەی 200 پەنابەر بێ جێ و ڕێ ماونەتەوە بەهۆی ئەو ئاگر کەوتنەوەیەوە.

مانۆس لۆگۆسیتس، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێسی وتووە، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە، هاوکاتی مشتومڕێک لەناو ئۆردوگاکەدا ئاگرەکە کەوتۆتەوە.

ڕۆژی دووشەممەش شەڕێکی تریش ڕوویداوە لە نێوان پەنابەرانی عەرەب و ئافریکاییەکاندا.

پۆلیس دەڵێت، لە درەنگانێکی شەوی ڕابردوودا شەڕەکان دەستیان پێکرد و دوای نیوە شەویش ئاگر لە ئۆردوگاکە بەردراوە و ڕۆژی دووشەمەش ڕەوشەکە هەر ئاڵۆز بووە و شەڕە بەردیش لە نێو پەنابەراندا ڕوویداوە.

پۆلیس دەڵێت، هێزی دژە ئاژاوە چونەتە ناو ئۆردوگاکەوە بۆ دامرکاندنەوەی پشێوی و ئاڵۆزییەکان و 7 پەنابەریشیان دەستگیرکردووە، دەشڵێن هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئۆردوگای پەنابەران لە دوڕگەی سامۆس، نزیکەی 7 هەزار پەنابەری تیادایە، لە کاتێکدا ئەم ئۆردوگایە بۆ کەمتر لە 650 کەس دروستکراوە.

حکومەتی یۆنان پلانی هەبووە 2300 پەنابەر لە ئۆردوگاکانی دوڕگەکانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنەکانی تری وڵاتەکە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆکاری دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم پلانە.

لە سەرەتای ئەم مانگی چوارەدا، ئۆردوگایەکی تری پەنابەران لە دوڕگەی کیۆس سوتێنرا، وە بووە مایەی سوتانی تەواوەتی دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری کۆچبەران- یەکێتی ئەوروپا و هەروەهاش زۆرێک لە شوێنەکانی تری ئۆردوگاکە. ئەو ڕووداوەش پاش مردنی ژنێکی عێراقی تەمەن 47 ساڵ بوو.

پەنابەرانی ئۆردوگاکە پەتای کۆرۆنایان بە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژنە عێراقیە دەزانی، بەڵام کاربەدەستان نکوڵییان لە ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵە کرد.

XS
SM
MD
LG