Accessibility links

لە عێراق تاووتوێی کەمکردنەوەی موچە دەکرێت


حکومەتی عێراق لە تاووتوێکردنی کەمکردنەوەی موچەدایە لە بەرنوسی بودجەی ساڵی 2020دا، پاش دابەزینی نرخی نەوت.

بەرنوسی بودجەی ئەمساڵی عێراق لەسەر بنچینەی نرخی 56 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوت دانراوە تا بتوانرێت پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان لە وڵاتەکەدا بەڕێوەببرێت و هەروەهاش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

لە ئێستادا کاربەدەستانی عێراق لە مشتومڕی کەمکردنەوەی موچەدان، بە شێوەیەک کە دەرماڵەی کارمەندانی کەرتی گشتی ببڕدرێت تا ئەو کاتەی دارایی وڵاتەکە باش دەبێتەوە.

کاربەدەستێکی عێراقی، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێسی وتووە، پێشنیازی کردووە کە بەڕێژەی لە سەدا پەنجای موچەی خاوەن موچە باڵاکان کەم بکرێتەوە، وەک ئەم کاربەدەستە عێراقیە وتوویەتی؛ بەو هەنگاوە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ عێراق پاشەکەوت دەکرێت و بەمەش دەتوانرێت بڕی لە سەدا پەنجا بۆ لە سەدا حەفتای دەرماڵەی کارمەندانی کەرتی گشتی دابین بکرێت.

هاوکات پسپۆڕ دەڵێن ئەو هەنگاوە بەس نییە ئەگەر بێتوو نرخی یەک بەرمیل نەوت لە نێوان 20 بۆ 30 دۆلاردا بێت.

پسپۆڕ لەو بڕوایەدان ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراق و هەر حکومەتێکی تریش لە ئایندەدا، دابینکردنی موچەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێویستە دادوەریی هەبێت لە دۆسێی موچەدا، لەکاتێکدا هەندێک لە موچەکان لە ئاستێکی بەرزدان و هەندێکی تریش لە ئاستێکی نزمدان.

وەهاش چاوەڕوان دەکرێت عێراق وابەستەی بڕیارەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک بێت و ڕۆژانە لە مانگی 5 و 6دا بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەم بکاتەوە.

وێڕای ئەم قەیرانە نوێیەی ڕووی لە عێراق کردووە، هێشتاش ئەم وڵاتە لە مانگی دوازدەی ڕابردووەوە حکومەتێکی کاربەڕێکەر بەڕێوەی دەبات، پاش ئەوەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی، سەرەک وەزیری وڵاتەکە دەستی لە کار کێشایەوە بە فشاری خۆپیشاندەرانی عێراقی، هەر بۆیەشە دەسەڵاتێکی کارای جێبەجێکردن لە ئێستادا لە عێراقدا نییە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی تایبەتن بە چاکسازی.

بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا، موستەفا ئەلکازمی سەرەک وەزیری ڕاسپێردراو، کابینەی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە هێشتاش لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان بەرەنگاری کازمی دەبنەوە.

تا حکومەتی نوێ لە عێراقدا پەسەند نەکرێت، پێناچێت بودجەی 2020 پەسەند بکرێت، بەمەش توانایی عێراق سنوردار دەبێت بۆ وەرگرتنی قەرز لەسەر بنچینەی بودجە، لە نێوەندە نێونەتەوەییەکاندا.

XS
SM
MD
LG