Accessibility links

خۆپیشاندەران لە سوریا ڕێگە دەگرن لە تورک و ڕوسیاییەکان


وێنەیەکی ڕێگەی ئێم 4 لە سوریا

هێزە سەربازیەکانی تورکیا بۆمبی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێناوە و هەروەها تەقەی کردووە بۆ بڵاوە پێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەیڕێگەیەکی سەرەکییان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا گرتبوو.

چالاکوانانی ئۆپزسیۆن دەڵێن لەم ڕووداوەی زوویەکی ڕۆژی یەکشەممەدا 2 کەس کوژراون و ژمارەیەک خەڵکیش بریندارن.

خۆپیشاندەران بەشێکی ڕێگەی سەرەکییان لە نزیک گوندی نەیرب داخستبوو لە هەرێمی ئیدلب بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە هاتوچۆی دەستەی هاوبەشی چاودێریکردنی تورکیا و ڕوسیا لەسەر شاڕێگەی ئێم4.

ئەو ناوچەیەی خۆپیشاندەران دەستیان بەسەردا گرتبوو، چەند هەفتەیەکە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادایە.

شاڕێگەی ئێم4، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سوریا پێکەوە دەبەستێتەوە و دەکەوێتە ئەو سنورەیڕێککەوتنی ئاگربەستی سەرەتای مانگی 3ی نێوان ئانکەرە و مۆسکۆ دەیگرێتەوە.

تورکیا پشتیوانی لە ئۆپزسیۆن دەکات لە ئیدلب ، لەکاتێکدا ڕوسیا بە پشتیوانکاری سەرەکی ڕژێمی سوریا دادەنرێت. لە ساڵی 2015ەوە مۆسکۆ ڕاستەوخۆ چۆتە ناو شەڕی سوریاوە و ئەمەش وەهای کردوە، تەرازوی هێز لەناو سوریادا بەلای بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریادا بشکێتەوە.

ڕێکخراوی ڕوانگە بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سوریادا، بنکە لە لەندەن، دەڵێت هێزە سەربازییەکانی تورکیا سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە خەریکی لادانی داروپەردووی سەر ڕێگا سەرەکییەکە بوون، خۆپیشاندەران بەردبارانی سەربازەکانی تورکیایان کردووە و سەربازەکانیش دەستیان بە تەقەکردن کردووە.

ڕوانگە دەڵێت ئەو دوو کەسەی کوژراون لە توندڕەوانن، بەڵام هەندێک لایەن لە ناوچەی ڕووداوەکەوە دەڵێن دوو خۆپیشاندەر کوژراون و 3 خۆپیشاندەریش بریندارن.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەشکری تورکیا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر ئەم ڕووداوە.

XS
SM
MD
LG