Accessibility links

وەزیری تەندروستی ئیسرائیل سورە لەسەر دەست لەکار کێشانەوە


وەزیری تەندروستی ئیسرائیل سوربوونی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ دەست لەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی پاش ئەو ناڕەزایی و بێزاریەی گەلی ئیسرائیل هەیەتی لە بەرامبەر چۆنیەتی سەروسەوداکردنی لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا.

یاکۆڤ لیتزمان، وەزیری تەندروستی ئیسرائیل، سەرەک وەزیری وڵاتەکەی ئاگادار کردۆتەوە، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێدا دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.

لەو ئاگادارکردنەوەیەدا وەزیری تەندروستی ئیسرائیل هیچ ئاماژەیەکی بەو ڕەخنە و ناڕەزاییە زۆرانە نەکردووە کە ڕووبەڕووی وەزارەتەکەی کراونەتەوە، بەڵام وتوویەتی پۆستی وەزارەتی نیشتەجێکردن وەردەگرێت لە حکومەتی نوێی وڵاتەکەدا.

لیتزمان، 10 ساڵە وەزیری تەندروستی ئیسرائیلە و لە ڕاگەیاندنەکەیدا نوسیویەتی "بڕیارم داوە نەگەڕێمەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ چوارهەم جار، بەڵکو پێم باشترە ڕێبەرایەتی پەرەپێدانێکی بەرفراوان و چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون بکەم لە ئیسرائیلدا لە ڕێی وەزارەتی نیشتەجێکردنەوە."

بەگشتی حکومەتی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە بەهۆی شێوازی سەروسەوداکردنی لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە 15 هەزار کەس لە ئیسرائیل هەڵگری ڤایرۆسی کۆڤید 19ن و نزیکە 200 کەسیش بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە سەرەتای ئەم مانگی چوارەدا، پشکنینە تەندروستییەکان سەلماندیان کە وەزیری تەندروستی ئیسرائیل توشی پەتای کۆرۆنا بووە، وەک دەگوترێت بەهۆی فەرامۆشکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆ پاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG