نێردراوی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان داوا لە ڕێبەرانی لایەنە ناکۆکەکانی ئەفغانستان دەکات تا جیاوازییەکانیان وەلاوە بنێن و بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە و هەنگاوی بەرەوپێش بنێن لەو ڕێککەوتنە ئاشتیانەیەی لەگەڵ تاڵیباندا مۆرکراوە.
زاڵمای خەلیلزاد دەڵێت " ئاشتی و ئاسودەیی ئەفغانستان و گەلی وڵاتەکەش کەوتۆتە سەر ئەوەی هەموو لایەنەکان تواناییەکانی خۆیان تەرخان بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دوژمنە هاوبەشەکەی هەموو لایەک."
خەلیلزاد لە لێدوانەکانی ڕۆژی یەکشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە؛ ئەشرەف غەنی و ڕکابەرەکەشی عەبدوڵا عەبدوڵا، کە هەردوکیان سەرکەوتنی خۆیان لە هەڵبژاردنەکەی مانگی 9ی ڕابردوودا ڕاگەیاندووە، دەبێت بەرژەوەندییەکانی ئەفغانستان بخەنە پێش بەرژەوەندی خۆیان.
نێردراوی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان، داوای لە حکومەت و لە تاڵیبانیش کردووە تا بەردەوام بن لە ئاڵوگۆڕکردنی گیراوەکان بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئاشتیانەیەی ئەمریکا و تاڵیبان لە مانگی 2ی ڕابردوودا مۆریان کردووە.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، پێویستە 5000 گیراوی تاڵیبان ئازاد بکرێن و هەروەهاش هەزار کارمەندی حکومەتیش کە لای تاڵیبان گیراون.
هەتا ئێستا، حکومەتی ئەفغانستان 550 گیراوی تاڵیبانی ئازاد کردوە لەسەر بنچینەی تەمەن، بەڵام تاڵیبان ڕاینەگەیاندووە ئایا ئەوانەی ئازادکراون لەنێو ئەو گیراوانەدان بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت ئازاد بکرێن، یان نا.
تاڵیبانیش تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 60 کەسی ئازادکردوە.
هەر ڕۆژی یەکشەممەش، زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاندووە، تاڵیبان وابەستەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکەیە و ئامادەشە بۆ دانوستاندن لەسەر ئاگربەست لە سەرانسەری ئەفغانستاندا.