Accessibility links

هاوکێشە سیاسی و ئابوریەکانی عێراق ئاڵۆزتر دەبن


مستەفا کازمی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهپێنانی حکومەت، لەلایەن کوتلە سیاسیەکانەوە ڕووبەڕووی گرفتی نوێ دەکرێتەوە، بەڵام ناوبراو بەردەوامە لەدانوستان و سورە لەسەر پێکهێنانی کابینەکەی.

یەکلایی کردنەوەی کاندیدی وەزارەتەکان و پشکی لایەنەکان لە کابینەی حکومەتەکەیدا، لەگەڵ نەرمی نواندنی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، ئەو پرسانەن کە بوونەتە گرفت لەبەردەم کازمی دا.

مستەفا کازمی پێشتر لەلایەن شیعەکانەوە بە نزیکایەتی ئەمەریکا تۆمەتبار دەکرا، بەڵام ئەو هێزانە "بەناچاری" ڕازی بوون بە دوورخستنەوەی عەدنان زورفی و هێنانە پێشەوەی کازمی، بۆیە بەشێک لەچاودێران پێیانوایە لەمپەری ئێستای لایەنە شیعیەکان، پەیامن بۆی.

بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە کازمی حکومەت پێکدەهێنێت، بەڵام ڕەنگە نەتوانێت لەماوەی دەستوری دا ئەو کارە بکات، دەڵێت"لایەنە عێراقی و کوردیەکان هەمیشە هەوڵیانداوە پشکی زۆریان لە کێکی دەسەڵات بەربکەوێ، بۆیە مەسەلەکە باشی و خراپی وەزیرەکان، یاخود بەرژەوەندی خەڵک نیە، بەڵکو هەر لایەنە و دەیەوێ باشترین وەزارەت ببات."

ناوبراو، وتیشی"لە دونیادا، کوتلەی براوەی یەکەم، حکومەت پێکدەهێنێت، بەڵام لە عێراق دا بە پەنجا حیزبەوە حکومەت دروست دەکرێت، ئەمە نەگونجان دروستەکات."

پێش مستەفا کازمی، هەریەک لە محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی لە پێکهێنانی حکومەتدا شکستیان هێنا، بۆیە لە ئێستاوە خویندنەوەی جیاواز بۆ ئەگەری شکستهێنانی کازمیش دەکرێت، بەشێک پێیانوایە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و بەشێکر تر، وایدەبینن هیچ چارەیەکی تر نامێنێ، جگە لە خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبێت.

بەهار مەحمود، ئاماژەی بەوەکرد خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ڕێکاری خۆی هەیە و پێویستی بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران هەیە، کە دەست بردن بۆ ئەم کارتە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، وتی"لەدەستوری عێراق دا، باسی کاندیدی سێیەم و چوارەم نەکراوە،تەنها باسی کاندیدی یەکەم و دووەم کراوە."

هەروەها وتیشی"کاندیدی سێیەم دیاریکرا، کەواتە هیچ رێگریەک بۆ هێنانە پێشەوەی کاندیدی چوارەمیش نیە."

هەرچەندە لایەنە شیعیەکان ناچارن بە مامەڵەکردن لەگەڵ کازمی ، بەڵام هەندیک "تەیار"ی نێو ئەو لایەنەنانە، لەهەوڵی دروستکردنی کێشە و گرفت دان بۆی.

لەهەرێمی کوردستانەوە و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان، فشار بۆ دانانەوەی فواد حسێن ی وەزیری دارایی دەکات، لەکاتێکدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعی، واژوویان لەدژی ئەو وەزیر کوردە کۆکردووەتەوە و دۆسیەکە بەرەو نەزاهە دەبەن.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ دەنگی ئەمەریکا، گومان هەیە لە هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە شیعیانە، بەوەی هەوڵی دروستکردنی "درز" بدەن، وتی"ڕەنگە هەوڵەکە بەو ئاراستەیە بن، کازمی نەتوانێت فواد حسێن لەکابینەکەیدا دابنێتەوە، کە ئەمەشی نەکرد، گرفتی لەگەڵ پارتی دا بۆ دروست دەبێت و دەنگی پێنادەن."

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، کازمی لاری نەبووە لەسەر دانانەوەی فواد حسێن، بەڵام کوتلە شیعیەکان دژی دانانەوەی بوون و ڕاشکاوانە پەیامیشیان لەمبارەیەوە پێگەیاندووە.

خەسرەو گۆران، ئاماژەی بەوەکرد هەوڵی لایەنە شیعیەکان بۆ دژایەتی خودی فواد حسێن نیە، چونکە لەدوای بڕینی بودجەی هەرێم لە ساڵی 2014 ، وەزیرەکانی هەرێم هەمیشە بەئامانج کراون، وتی"ئێمە بەرامبەر حەشد و پرسە نەتەوایەتیەکان هەڵوێستی توندمان هەبووە، بۆیە بەئامانج کردنی پارتی، واتە بە ئامانج کردنی مافە دەستوریەکانی هەرێم."

دژایەتیکردنی خواستەکانی پارتی لەلایەن کوتلە شیعیەکانەوە، لەکاتێکدایە پێشتر هەردوولایان لەسەر شکست هێنان بە محەمەد تۆفیق عەلاوی هاوڕابوون، بۆیە چاودێران خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ لەپڕ هەڵگەڕاندنەوەی لایەنە شیعیەکان لەپارتی هەیە.

بەشێک لە بەرپرسە کوردەکانی دەرەوەی پارتی لە بەغدا، پێیانوایە هەڵگەڕانەوەی شیعەکان لەپارتی، خواستی ئیقلیمیە و گەیاندنی پەیامی نیگەرانی ئێرانە بە ڕۆیشتنی بەشێک لە ئەمەریکاییەکان بۆ هەولێر، بەشێکی تر جیاوازتر لەمەسەلەکە دەڕوانن، وایدەبینن شیعەکان دەیانەوێت لەمکاتەدا کە هەرێم دۆخی خراپە، خواستەکانیان بسەپێنن.

بەڵام خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، هۆکاری بە ئامانج کردنی حیزبەکەی لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە هەڵوێستی ڕوونیان سەبارەت بە بودجە و ناوچەکێشەلەسەرەکان و حەشدی شەعبی و کەرکوک هەبووە، دەڵێت"ئێمە ئەملاولامان نیە، ڕاستین، بۆیە دەکرێینە ئامانج."

خراپی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا لەمکاتەدا ، لەکاتێکدایەهەرێم گیرۆدەی دەست خراپی دۆخی دارایی یە، لەهەمووکات زیاتر پێویستی بە ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەغدا نایەتە پێشەوە.

نەهاتنە پێشەوەی بەغدا پەیوەندی بەخراپی دۆخە ئابووریەکەی خۆی و "پابەند"نەبوونی هەرێمە بە رێککەوتنەکانی نێوانیان، هەرچەندە هەرێم پاساوی جیاوازی بۆ ئەمە هەیە.

عێراق هەرچەندە دۆخی دارایی خراپە، بەڵام خاوەنی بڕێکی زۆر پارەی یەدەگە، هەروەک کارتی تری بۆ چارەسەرکردنی دۆخە ئابووریەکەی بەدەستەوەیە، وەکو وەرگرتنی قەرز لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بەڵام هەرێم گرفتاری دەست بێ ڕێگەچارەییە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لە لایەنە شیعیەکان نەک دژی ڕاگرتنی بودجە 453 ملیار دیناریەکەن بۆ هەرێم، بەڵکو ژێر بە ژێر دەیانەوێت لەرێگەی دادگاوە، ئەوەش بجوڵێنن کە هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە و داوای پارەی ساڵێک و چوار مانگیشی لێبکەن، کە بۆ هەر رۆژێک پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتە.

خەسرەو گۆران، پێیوایە پاساوەکانی بەغدا دژی هەرێم تەنها بیانوون، ئەگینا بەغدا بە ئاسانی نایەتە پیشەوە و روونیکردەوە خەریکبووە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ڕێککەوتن ئیمزا بکەن، بەڵام دەستی لەکارکێشاوەتەوە، وتی"ئومێدەوارین لەگەڵ حکومەتی داهاتوو بگەینە ڕێککەوتن، هەرێم پابەندە بە هەر رێککەوتنێک بیکات لەگەڵ بەغدا."

ڕاگرتنی بودجەی هەرێم لەمکاتەدا، لەکاتێکدایە عادل عەبدولمەهدی لە دواساتەکانی دەسەڵاتیدایە، بۆیە بەشێک لەچاودێران پێانوایە عەبدولمەهدی بەم کارەی، لەلایەک خۆی لەژێر ئەو ڕەخنانە دەرهێنا، کە بێ بەرامبەر پارە بەهەرێم دەدات، لەلاکەی تریش کابینەی دوای خۆی توشی گرفت و ئیحراجی کردووە لە حاڵەتی ڕاگرتن و ناردنی بودجەکەدا.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:07:32 0:00


XS
SM
MD
LG