Accessibility links

توندوتیژی لە ئەفغانستان بەردەوامە


دوو تەقینەوە لە ئەفغانستان سەرکردەیەکی ناوداری هێزی پۆلیس و فەرمانڕەوای ناوچەیەکی وڵاتەکەش دەکەنە ئامانج.

لەو دوو تەقینەوەیەدا 3 پۆلیس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندارن و یەکێک لە بریندارەکان سەرکردەیەکی هێزەکانی پۆلیسە.

لە هێرشی یەکەمیاندا، غولام ساخی، سەرکردەی پۆلیس لە ڕێدا بووە بۆ سەردانکردنی ناوچەی باتو لە هەرێمی دایکوندی لە ناوەڕاستی ئەفغانستاندا، کاتێک بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیوەتەوە.

لەو هێرشەدا 3 پۆلیس دەکوژرێن و غولام ساخی و دوو کەسی تر بریندار دەبن، بەپێی لێدوانی وتەبێژی پۆلیس.

تەقینەوەی دووهەم ئۆتۆمبێلێکی بە بۆمب چێنراو بووە و لە ناوچەی خوست موحەمەد حەلیم فیدائی کردبووە ئامانج. لەم هێرشەشدا دووان لە پاسەوانەکانی بریندار بوون و هەروەهاش 12 کەسی تری سیڤیل.

هەر بە ماوەیەکی کەم لەپاش هێرشەکانی ئەمڕۆ سێشەممە، فیدائی داوای لە تاڵیبان کرد ئەم جۆرە هێرشانە ڕابگرێت و ببێتە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستاندا.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە و تاڵیبانیش هیچ وەڵامێکی موحەمەد حەلیم فیدائی نەداوەتەوە.

لەوەتای ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکادا مۆرکردووە، تاڵیبان هێرشەکانیان ڕاگرتووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆ، بەڵام هێزە ئاسایشیەکانی ئەفغانستانیان کردۆتە ئامانج لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا.

وێڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفغانستان، توندوتیژیەکان بەردەوامن، پەتای کۆرۆناش بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆ داڕمانی سیستەمی تەندروستی وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG