Accessibility links

سەرۆکی ئەنجومەنی تاران: ژمارەی زیانە گیانیەکان بە هۆی کۆڤید 19 زۆر زیاترە لەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت


سەرۆکی ئەنجومەنی شاری تاران، پایتەختی ئێران ڕایدەگەیەنێت بەپێی مەزەندەکانی نێوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی وڵاتەکە و هەروەهاش ڕای پسپۆڕان ژمارەی زیانە گیانییەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر زیاترە لەو ژمارانەی ڕادەگەیەنرێن.

موحسن هاشمی ڕەفسەنجانی، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا بۆ ئەنجومەنی شاری تاران باسی لەوە کردووە وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە جەخت لە جیاوازی ژمارەی ڕاستەقینە و ئەو ژمارە فەرمیانەش دەکاتەوە کە بڵاو دەکرێنەوە.

لە قسەکانیدا، ڕەفسەنجانی ئاماژەی بە لێدوانێکی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران کردووە، کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو وتوویەتی زۆر قورسە بتوانرێت ژمارەی تەواوەتی زیانە گیانییەکانی خەڵک بزانرێت.

پێشتر نێوەندی لێکۆڵینەوەکان لە پەرلەمانی ئێراندا لە ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوەیدا ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ژمارەی ئەوانەی لە ئێراندا بەهۆی کۆڤید 19وە گیان لەدەست دەدەن، دوو هێندەن بە بەراورد لەگەڵ ئەو ژمارانەی وەزارەتی تەندروستی بڵاویان دەکاتەوە.

هەر لەو ڕاپۆرتەشدا باس لەوە کراوە، ژمارەی توشبووان بەلانی کەم هەشت بۆ دە هێندەی ئەو ژمارانەیە کە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایدەگەیەنێت.

موحسن هاشمی ڕەفسەنجانی دەڵێت هۆکاری ئەو جیاوازییەی لە ژمارەکاندا هەن دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتن لە ئاشکراکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و ئامار نەکردنی قوربانییەکانی پێشتر و نەبوونی پشکنینی تەواوەتی تەندروستی و هەروەهاش ناودێرکردنی زۆرێک لەوانەی توشی کۆڤید 19 بوون بە نەخۆشی تری وەک ئاڵۆزی لە هەناسەداندا.

XS
SM
MD
LG