Accessibility links

توندوتیژیەکانی ئۆردوگایەکی پەنابەران لە یۆنان


یەکێک لە گەورەترین ئۆردوگاکانی پەنابەراندا لە وڵاتی یۆنان زیانێکی زۆری لێکەوتووە پاش ئەو ئاگرەی کەوتبووەوە و هەروەهاش ئەو توندوتیژیانەی لە ئاکامی مردنی ژنێکی عێراقی ڕوویانداوە.

مانۆس لۆگتێس، سکرتێری گشتی وەزارەتی کۆچبەرانی یۆنان دەڵێت ئەو ئاگرەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممە لە ئۆردوگای ڤییاڵ، لە دوڕگەی کیۆس کەوتۆتەوە، بۆتە مایەی خاپورکردنی شوێنی خزمەتگوزاری ئۆردوگاکە و چێشتخانە و هەروەها ئەو شوێنانەی بۆ مانەوەی پەنابەرانیش دانراون.

لۆگتێس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە بەشێکی زۆری نێوەندە خزمەتگوزارییەکانی ئۆردوگاکە خاپور بووە، بەڵام وەک دەڵێت هیچ هەواڵێک نییە، سەبارەت بە زیانی گیانی لەو ڕووداوەدا.

پۆلیس لە دوڕگەی کیۆس دەڵێت 3 کەس لە پەیوەندی بە توندوتیژیەکانەوە دەستگیرکراون، کە پاش مردنی ژنێکی عێراقی تەمەن 47 ساڵ لە ئۆردوگاکەدا ڕوویانداوە و دەشڵێت کاتژمێر یەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە توانراوە ڕەوشەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

ئەو ژنە عێراقییە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە نەخۆشخانە هێڵراوەتەوە چونکە تای هەبووە و بەپێی ئەنجامی پشکنینە تەندروستییەکانیش توشی کۆڤید 19 یان پەتای کۆرۆنا نەبووە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی ئۆردوگاکانی پەنابەران لە یۆنان داخراون.

لە یۆنان تا ئێستا 110 کەس بە کۆڤید 19 مردون و زیاتر لە 65 کەسیش لەژێر چاودێریی وردی تەندروستیدان.

لەناو ئۆردوگاکانی پەنابەرانیشدا توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن.

وەک هەموو ئۆردوگاکانی تری پەنابەران لە یۆناندا، زیاتر لە پێنج هەزار پەنابەر لە ئۆردوگای ڤییاڵ دەژین کە لە بنەڕەتدا ئەو ئۆردوگایە بۆ تەنها یەک هەزار کەسە.

XS
SM
MD
LG