Accessibility links

ڕووداوەکانی زینی وەرتێ و کاردانەوەی خەڵک


وێنەیەکی ناوچەی زینی وەرتێ

گرژییه‌كانی زینی وه‌رتێ له‌نێوان هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نشتیمانی كوردستان و هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان و به‌ینامه‌كانی تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت و وه‌ڵام دانه‌واكانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاردانه‌وه‌ی جیاوازی له‌ ناو شه‌قام لێكه‌وتۆتەوە.‌

به‌شێك له‌ هاوڵاتیان ئاماژه‌ به‌وەده‌كه‌ن، ڕۆژانی شه‌ڕی براكوژییان بینیوه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵ دا بێت كورد له‌ كوردستانی عێراق باجی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌خوازراوانه‌ ده‌دات. هاوڕێ نیعه‌مه‌ت،‌ هاوڵاتییه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ به‌ ده‌نگی ئه‌مریكایی ڕاگه‌یاند هاوڵاتییان چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ داراییه‌كان ده‌كه‌ن و ماندوون، نه‌ك سه‌نگه‌ر گرتن له‌ یه‌كتری.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاوڵاتییان له‌ شه‌قام داوا ده‌كه‌ن له‌ دروست بوونی گرفت و ئاڵوزیه‌كاندا له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كێشه‌كان یه‌كلا بكرێنه‌وه‌ و ڕێگری بکرێت لە هه‌موو كاردانه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی.

كه‌لسوم حسن، هاوڵاتییه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و ده‌ڵێت هیوادارم ئه‌م جاره‌ش له‌سه‌ر مێزي گفتوگۆ گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

یه‌كێـتی نشتیمانی كوردستان له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیدا و له‌ ڕۆژی 16-4-2020 ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا داوای له‌سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد هێزه‌كان له‌ زینی وه‌رتێ‌ بكشێنێته‌وه‌ ،هاوكات له‌ ڕاگه‌یەندراوی پارتی كرێكارانی كوردستانیشدا داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كه‌ كراوه‌ و ئه‌وان جێگیركردنی هێزه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی كاری سیخوڕی و ئاشكرا كردنی بنكه‌ و باره‌گاكانی پەکەکە بۆ توركیا ده‌زانن.

له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ڕاگه‌یەندراوێكی له‌ 17-4-2020 دا بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو هێزه‌كانی پێشمه‌رگە سه‌ر به‌ حكومه‌تن و حكومه‌ت ده‌توانێت له‌ هه‌رشوێنیك بێت جێگیریان بكات ، دوابه‌دوای وەڵامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت ڕاگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت،‌ نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ 18-4-2020 دا په‌یامێكی دیكه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ و دەڵێت " وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌كانی تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تدا، ‌له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ده‌داته‌وه."‌

تا ئاماده‌ كردنی ئه‌م ڕاپۆرته‌ش لێدوانی جیاجیا له‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێتی و پارتی كرێكاران بڵاوده‌بنه‌وه.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:38 0:00
XS
SM
MD
LG