Accessibility links

پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسێی موستەفا سەلیمی کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت


موستەفا سەلیمی

لیژنەیەكی لێکۆڵینەوە لە لایەن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە.

وەك لە نوسراوێكدا هاتووە ئەو لیژنەیە بۆ مەبەستی دەرخستنی ڕاستیەكانە لەسەر بابەتی هاتنی هاوڵاتی ئێرانی مستەفا سەلیمی بۆ نێو هەرێمی كوردستان.

ئەو لیژنەیەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بابەتی مستەفا سەلیمی ئەو زیندانییە هەڵهاتووەی گرتوخانەكانی ئێران پێكیهێناوە لە شەش كەس پێكهاتووە.

پێکهێنانی ئەم لیژنەی لێکۆڵینەوەیە، دوای ئەوە دێت كە کاردانەوە و ناڕەزایەتیەكی زۆر هاتنە ئاراوە، چونکە وەک دەگوترێت، موستەفا سەلیمی، پەنای بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان هێناوە بەڵام لە لایەن دەزگا ئاسایشیەکانەوە ڕادەستی كۆماری ئیسلامی كراوەتەوە و دواتریش ئێران لە سێدارەیدا. شاخەوان ڕەئووف، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی گۆڕان، بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت بەدواداچوونیان كردووە و لەگەڵ لیژنەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا و هەندێك سەرەداویان دەستكەوتووە، سەرەداوەكان ئەنجامی باشی دەبێت و ئەوەی بە لای ئەوانەوە گرنگە دەستكەوتنی ئەو سەرەداوانەی كە ئەوان دەستیان كەوتووە لە داهاتوودا بەرهەمی باشی دەبێت دەشزانین میكانیزمی لەناوچوون و یان ئەو حاڵەتەی مستەفا سەلیمی چوونە.

سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەوەی كە ئاخۆ مستەفا سەلیمی هاتووە بۆ نێو هەرێمی كوردستان دەشڵێت بەپێی هەندێك بەدواچوون و هەندێك سەرچاوە، موستەفا سەلیمی، هاتۆتە ناو هەرێمی كوردستانەوە.

هاوڕێ مەلا ستار ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، دەڵێتسەرەداوێك نییە تا ئێستا بیسەلمێنێت ئەو كابرایە هاتووە هەرێمی كوردستان، تاكو ئێستا ئەو لیژنەیەی جێگری سەرۆکی حکومەت پێکیهێناوە دەستی نەكردووە بەئیش كردن، ئەوان بە دواداچوونی وردیان كردووە بۆ ئەو دۆسیەیە ئەو هاوڵاتیە بەهیچ شێوەیەك نەهاتۆتە ناو هەرێمی كوردستانەوە. هاوڕێ مەلا ستار دەڵێت، ئەوەی ڕوویداوە بابەتێكی سیاسی بوو بەداخەوە هەندێك لەو كەسانەی لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندان، تا ئەندازەیەك ئەو كەسانەش پەلەیان كرد لە لێدوان و بەیاننامە وكۆمەڵێك بابەت كە بەناوی سەرۆكی حكومەت و حكومەتەوە دەریانكرد.

پێشتر لە دۆسێکانی تیرۆركردنی ڕۆژنامەواناندا و دۆسێی تری کوشتندا، لیژنەی جیاجیا پێكهاتوون بۆ بە دواداچوون و ئاشكراكردنی ڕاست و دروستی ڕووداوەكان لەبارەی لیژنەكانی حكومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانەوە

كاروان ئەحمەد، برای ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانیە، ئەو رۆژنامەنووسەی پێشتر کوژرا،بۆ دەنگی ئەمەریكا لەبارەی پێكهێنانی لیژنە و ئەنجامەكانیان دەڵێت لیژنەكان ئەنجامێكی وەیان نەداوەتەوە بە دەست ئەو خانەوادانەوە كە تاوانیان بەرامبەر كراوە بویە خەڵك ساردە دەزانێت لیژنەكان هەروا كۆتایی دێت و لیژنەكان هەڵدەوەشێتەوە كەیسەكانیان لە دادگا دەردەهێنرێت.

کاروان دەڵیت ئەو لیژنانە كە دادەنرێن تەنیا بۆ ئەوەیە ئەو خەڵكە هێوربكەنەوە و بڵێن لیژنەیان دروستكردووە، كە شتەكان كۆن بوون ئیتر ئەو دەنگوباسە نامێنێت و لیژنەكەش پاشەكشە دەكات و هەر كەسە و دەچێت بە لای ئیشی خۆیەوە و تەواو دەبێت.

پرسی گەیشتنی مستەفا سەلیمی بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان مشتومڕێكی زۆری هەڵگرتووە بەشێك لە كاربەدەست و لایەنگرانی بە تایبەتی پارتی و یەكێتییەكتری پێ تۆمەتبار دەكەن و لێدوانی دژ بەیەكیان لەوبارەیەوە هەیە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:26 0:00

XS
SM
MD
LG