Accessibility links

کۆریای باکور درێژە بە تاقیکردنەوە موشەکییەکانی دەدات


کۆریای باکور ژمارەیەک موشەک تاقیدەکاتەوە بە ئاڕاستەی دەریای ژاپۆندا.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی ستونە لەشکرییەکانی کۆریای باشور لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت پیۆنگیانگ ئەو تاقیکردنەوە موشەکیانەی کردووە و گومانەکانیش وەهان کە موشەکی مەودا کورتی کروز بووبن.

ئەم تاقیکردنەوە موشەکیانەی کۆریای باکور تەنها یەک ڕۆژ پێش 108ەمین ساڵیادی لەدایک بوونی کیم ئیل دامەزرێنەری کۆماری میللی کۆریای باکورە، باپیری کیم جونگ ئون، سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە.

لە ساڵانی ڕابردووشدا، کۆریای باکور کە چەکی ئەتۆمی هەیە، چەندان تاقیکردنەوەی موشەکی باڵستیکی کردووە و عەمماری چەکەکانی وڵاتەکەش، موشەکی باڵستیکی مەودا دووری تیادایە کە دەگاتە سەر خاکی کیشوەری ئەمریکاش.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی کۆریای باشور، پیۆنگیانگ هاوکاتی تاقیکردنەوە موشەکیەکانی ئەمڕۆ سێشەممەی، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیشی هەڵساندوە لە جۆرەکانی سۆخۆی و میک، وە بە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا سوڕاونەتەوە و ژمارەیەک موشەکیشیان تەقاندووە.

کۆریای باشور دەڵێت، سیۆڵ و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە شیکردنەوەیەکی چڕ بۆ ئەو چەکانەی لەم تاقیکردنەوەیەی ڕۆژی سێشەممەدا بەکارهێنراون.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەیەک سزای سەپاندۆتە سەر کۆریای باکور، بە مەبەستی ناچارکردنی پیۆنگ یانگ تا دەستبەرداری بەرنامە ناوکی و باڵستیکییەکانی ببێت، کە بە بەرنامەی قەدەغەکراو ناودێر دەکرێن.

XS
SM
MD
LG