Accessibility links

دەنگی ئەمەریکا زانیاری ورد لەسەر دۆسیەی مستەفا سەلیمی بڵاودەکاتەوە


دەنگی ئەمەریکا زانیاری ورد لەسەر دۆسیەی مستەفا سەلیمی بڵاودەکاتەوە، کە ناوبراو دوای هەڵاتنی لەگرتووخانەی سەقز، جارێکی تر دەستگیرکرایەوە و دواتر لەسێدارە درا، دەستگیرکردنەوەکەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان مشت و مڕی زۆری دروستکردووە.

شکاندنی زیندانی سەقز

ئێوارەی ڕۆژی 27 ی مارس، 74 زیندانیکراو لە گرتووخانەی شاری سەقز هەڵاتن، یەکێک لە زیندانیە هەڵاتووەکان، مستەفا سەلیمی بوو، کە دواتر ژمارەیەک لەو زیندانیانە، دەستگیرکرانەوە یاخود خۆیان ڕادەستکردەوە.

زیندانیە هەڵاتووەکان، پێشوەخت بەهەماهەنگی یەکتری، پلانی شکاندنی گرتووخانەکە و هەڵاتنیان داڕشتبوو، بۆیە دوای دروستبوونی پێکدادان و تێکهەڵچوون لەگەڵ پاسەوانانی بەندیخانەکەدا، توانیبوویان دەرگای گرتووخانە بشکێنن و هەڵبێن.

بەرپرسانی ئێران، دەڵێن: لەو 74 زیندانیە هەڵاتووە، 54 کەسیان دەستگیرکراونەتەوە، بەڵام ئەرسەلان یار ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو ئامارە ڕاست نیە، نزیکەی 25 کەس لە زیندانیە هەڵاتووەکان دەستگیرکراونەتەوە، چەند کەسێکیشیان خۆیان ڕادەستکردۆتەوە."

مستەفا سەلیمی

یەکێک لە زیندانیە هەڵاتووەکانی گرتووخانەی سەقز، مستەفا سەلیمی بوو، ئەو سزادراوەی دواتر دەستگیرکرایەوە و چۆنیەتی دەستگیرکردنەکەی، مشت و مڕی زۆری دروستکرد و ئاسایشی یەکێتی بە ڕادەستکردنەوەی تۆمەتبارکرا.

مستەفا سەلیمی، کە بەیانی ڕۆژی 11 ی ئەم مانگە لە گرتووخانەی سەقز لەسێدارەدرا ، 17 ساڵ لەمەوبەر، هەر لەم مانگەدا دەستگیرکراوە، لەوکاتەوە تا ساتی هەڵاتنەکەی لەزیندان، لە سنە و سەقز زیندانی بووە، بێ ئەوەی هاوشێوەی زیندانیەکانی تر، مۆڵەتی چوونە ماڵەوەی پێبدرێت.

ئەرسەلان یار ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کاک مستەفا سەلیمی چەند تۆمەتێکی ئاراستەکرابوو، حوکمی 15 ساڵ زیندانی و لە سێدارەدانیشی بۆ دەرکرابوو، بەڵام خۆی نکوڵی لە تۆمەتەکان دەکرد."

مستەفا سەلیمی، پێش دەستگیرکردنی، نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و بووەتە پێشمەرگە، بەڵام دوای نزیکەی سێ ساڵ، ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی بەجێیهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.

لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئێران، لەگەڵ چەند هاوڕێ یەکی تریدا لەدەوروبەری سەقز، گروپێکیان هەبووە، گروپەکەیان وەکو "چەتە" ناوبانگی دەرکردووە، کە ناو بەناو توشی پێکدادان بوون لەگەڵ هێزەکانی ئێران دا.

گروپی "چەتە" لە ئێران، بەو گروپانە دەوترێت کە لە حکومەت یاخین، بۆ خۆژیاندن پەلاماری بنکە و بارەگای سەربازی دەدەن و هەندێکجار پارە لە دەوڵەمەندیش وەردەگرن، بەڵام خاوەنی ئایدۆلۆژیا و بەرنامەیەکی دیاریکراو نین.

لە پێکدادانێکی نێوان گروپەکەیان و هێزێکی سەربە ئێران دا، سەرهەنگێک و سەربازێکی ئێرانی کوژراون، بۆیە چەند ئەندامێکی گروپەکەیان هەڵاتوون بۆ کوردستانی عێراق( باشور)، و دواتر یەکێکیان بەناوی ( سابیر ستاری) لەڕووداوێکی تەم و مژاویدا کە گومان دەکرێت دەستی ئێرانی تێدا بووبێت، کوژراوە.

مستەفا سەلیمی لە ئێران ماوەتەوە و خۆی شاردۆتەوە، بەڵام دوای ماوەیەک لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، زۆرێک لە بەرپرسانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ کردوون بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پێیانوایە دەستگیرکردنی سەلیمی، دەستی کەس و کاری هاوسەرەکەی تێدابووە کە لەنەتەوەی تورکن.

ئەرسەلان یار ئەحمەدی، ئاماژەی بەوەکرد حوکمدانی مستەفا سەلیمی لەلایەن دادگای ئێرانەوە بەچەند تۆمەتێک بووە، لەوانە "ڕاو ڕووتی چەکدارانە" کە مەبەست لەو "گروپە چەتەیە" بووەکاری تێدا کردووە، هەروەها ئەندام بوون لە حیزبی دیموکرات دا.

بەپێی زانیاریەکانی بەرپرسەکەی رێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مستەفا سەلیمی دووجار پەیوەندی بە حیزبی دیموکراتەوە کردووە، بەڵام جاری دووەم لەلایەن ئەو حیزبەوە بەتۆمەتی "کاری چەتەیی" دەستگیرکراوە و دواتر دەرکراوە، وەک ئەو دەڵێت"حیزبی دیموکرات لە ڕێگەی ڕادیۆکەیەوە، داوای لەخەڵکی سەقز کرد، کێ سکاڵای لەسەر کاک مستەفا هەیە، پەیوەندیان پێوە بکات، کەس سکاڵای نەکرد، بۆیە پاش دوومانگ، ئازادکرا."

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە چەندین بەرپرسی باڵای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کرد، بەڵام ئەوان حەسەن شەرەفی وتەبێژی حیزبەکەیان دەستنیشانکرد، تا لێدوان لەسەر دۆسیەکە بدات،حەسەن شەرەفیش بەبیانووی ئەوەی ڕاگەیەندراویان دەرکردووە، ئامادەی قسەکردن نەبوو.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئاماژەی بەوەشکرد دووجۆر باس و خواس لەسەر گروپەکەی مستەفا سەلیمی و هاوڕێکانی لەنێو خەڵکی سەقزدا هەبووە، هەندێک خەڵک دەڵێن: کاری خراپیان کردووە، هەندێکی تر دەڵێن: پێکدادانەکانیان زیاتر لەگەڵ حکومەتدا بووە.

دەستگیرکردنەوەی سەلیمی و لێکەوتەکانی

چۆنیەتی دەستگیرکردنەوەی مستەفا سەلیمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان مشت و مڕێکی زۆری دروستکردووە، بەتایبەت هێزەکانی ئاسایشی سەر بە یەکێتی، بە دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی بە ئێران تۆمەتبار دەکرێن.

بەپێی وتەی کەس و کارەکەی، مستەفا سەلیمی دوای هەڵاتنی لەزیندان، خۆی گەیاندووەتە ناوچەی پێنجوێن ی سەرسنور، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی یەوە دەستگیرکراوە و ڕادەستی ئێران کراوەتەوە، هەرچەندە یەکێتی و دەزگا ئەمنیەکەی ئەمە ڕەتدەکەنەوە.

فەریدە سەلیمی برازای مستەفا سەلیمی، جەختیکردووەتەوە، کاتێک مامی هەڵاتووە، خۆی گەیاندووەتە پێنجوێن و لەوێ قسەیان لەگەڵ کردووە، بەڵام دواتر دەستگیرکراوە و ڕادەستی ئێران کراوەتەوە.

سەبارەت بە دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی سەلیمی بە ئێران، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە لیوا حەسەن نوری ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیەوە کرد، بەڵام ڕەتیکردەوە قسەلەوبارەیەوە بکات.

ئەرسەلان یارئەحمەدی ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد رێکخراوەکەی بۆ یەکەمجار هەواڵی دەستگیرکردنەوەی سەلیمی ڕاگەیاندووە، وتی"پێش ئەوەی سەلیمی لە سێدارە بدرێت، قسەمان لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد، وتیان: هیچ گومانمان نیە، سەلیمی هاتووەتە ناو خاکی باشور لە پێنجوێن."

وتیشی" بەڵام لەسەر شێوازی ڕادەستکردنەوەکەی، ڕەنگە ئێمە جیاوازتر بیربکەینەوە لەسەر ئەوەی کە دەوترێ، سەرقاڵی بەدواداچوونین و گەر زانیاریمان دەست کەوت، بڵاوی دەکەینەوە."

چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی، هاتنی مستەفا سەلیمیان بۆ پێنجوێن بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئامادە نەبوو، مەسەلەکە پشتڕاست بکاتەوە، لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیانکردۆتەوە، کە سەلیمی لەناو خاکی وڵاتەکەیاندا دەستگیرکراوەتەوە.

پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، کە حیزبەکەی بە دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی سەلیمی بە ئێران تۆمەتبار دەکرێت، بەدەنگی ئەمەریکای وت"یەکێتی ئاگای لەو مەسەلە نیە، ئەو کابرایەی بەو شێوازە ڕادەست نەکردووەتەوە، هەموو شتێک ڕێکاری خۆی هەیە، بەتایبەت ئێمە باوەڕمان بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ هەیە."

وتیشی"گەر ئەو کابرایە هاتبێتە ئێرە، چۆن بەو شێوازە ڕادەست دەکرێتەوە، ئەمە دوورە لە ئەخلاقیاتی یەکێتی، بۆیە بەڵگە بۆ ڕادەستکردنەوەی نیە، ئەوانەشی یەکێتی تۆمەتبار دەکەن، ئامانجیان لەکەدارکردنی سومعەی یەکێتی یە."

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:16 0:00


XS
SM
MD
LG