Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئاوێزان نوری


لە دنیای شیعردا، بۆ ئەوانەی بایەخ بە دەق و بە زیندوێتی دەق دەدەن هەمیشە پرسیار و سەرنجەکانیان لەو تێکستانەوە سەرچاوە دەگرن کە توانیویانە وەک دیالۆگێکی بابەتیانە لەگەڵیاندا کەوتبنە ئاخاوتن.

ئەڵبەت لەبیرمان نەچێت، لە گوتارە شیعرییە هاوچەرخەکاندا جیاکەرەوە و تایبەتمەندێتی هەن لە یەک دەقدا، بەشێکیان هەست پێکراو و بینراون و خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانی درکیان پێبکات، بەڵام بەشەکەی تریان پێویستی بە گەڕانێکی وردە، گەڕانێک بتوانێت ئەو جیاوازی و تایبەتمەندێتیانە لەناو وێنە شیعرییەکاندا بدۆزیتەوە.

دەشێت هەر یەکێک لەوانەی شیعر دەنوسن خۆیان بە خاوەنی تایبەتمەندێتییەک بزانن تەنانەت ئەوانەی لە شیعردا هەر تەنها لاسایی شاعیری تریش دەکەنەوە، ئەو هەستەیان لا دروست دەبێت، بەڵام زۆر دەگمەنن ئەو شاعیرانەی بەردەوام دەگەڕێن بەشوێن ئەو تایبەتمەندێتیەدا و لە هەر ئەزموونێکی نوسینیاندا بە ڕۆح دەگەڕێن بەشوێن داهێناندا، داهێنانێک لە هزری خوێنەردا بمێنێتەوە، جا ئەو داهێنانەش ماندووبوونی ڕۆحی دەوێت، پاشخانێکی گەورەی تێگەیشتن و دنیابینی دەوێت، ئەرکێکە هەر تەنها هەڵکشان دەناسێت، و دەزانێت هەر داکشانێک بە مانای زیز بوونی ژمارەیەک لە خوێنەرانیەتی، بەبێ هیچ گومانێکیش شاعیری ڕەسەن ناخوازێت زیز بوونی خوێنەری خۆی ببینێت.


زەمەنيک فێری کردم

بترسم
لە گوێگرتن لەدەنگی خۆم‌و..
گۆرانی وتن لە ژورەكەمدا
نەبا مێژوو چاوی لێم زیت بكاتەوەو..
پێمبڵێ‌ بێ‌ دەنگ بە
بێ‌ دەنگ بە
لە وەتەی هەم بێدەنگم دەكەن
هەمو دەنگەگانیش, لەگوێچکەمدا دەزرینگێنەوە
دەنگی "با"
بەردەوام دێت لە دەرگای ژورەكەم دەداو..
هەواڵی مەرگی فریشتەم بۆ دەهێنێ..


شیعری ئاوێزان نوری، پێمان دەڵێت بەر لەوەی تۆ بتەوێت ببیتە ئەو شاعیرە بە ئاگایە لە هەموو دنیا، پێویستە خوێنەرێکی و وردبین بیت تا بتوانیت وێنە شیعرییەکانت تژی بکەیت لە بیرکردنەوە بۆ ئایندە، قەڵای بکەیت لە جوانکارییەکی بێ پێشینە و زمانێک بخەیتە گۆ، ئاوازی لێ بچۆڕێت.

نوسین لای ئاوێزان، هەر تەنها ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکان نییە، هێندەی ئەوەی نوسین بۆ ئەم شاعیرەمان دەبێتە نیشتمانێکی فرە ڕەنگ و فرە دەنگ و هەر تەنها لەو نیشتمانەدا خۆی بە ئازاد دەزانێت و ڕێگەش نادات لەو نیشتمانەیدا وشەکانی لێ زەوت بکرێت و تەنانەت کاتێکیش دێتە سەر زمانی نوسین، ڕێک وەک ئەوەیە پێمان بڵێت با زمانمان پاراو بێت و نەیدەینە دەست کۆتوبەندەکانی یاسا و ڕێساکانی ڕێزمان.

ئەم هەموو مەرگەم بۆ حونجە ناکرێت
بە بێ مەراسیمی ناشتن لەگۆڕدەنرێن
حەوسەڵەی ئەلف و بێی بردنەوەشم نەماوە
کە ئەم هەموو دۆڕانە دەبینم
لە نیگای جەنگاوەرانی نیشتمان
دڵم دەگری بۆ شۆستە هەتیوەکان
بۆ شەقامە بێنازەکان
بۆ لەتە نانی گیرفانی سەربازەکان
بۆ چاوەکانی دایکم بەدیار هەواڵەکان و
نزا دەکات لەم وەرزی تاعونەدا
لە باتی هەموومان بمرێت

دیدی ئاوێزان، بەردەوام نوێ دەنوێنن، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ کاتێک دەنوسێت، لەو سۆنگەیەوەی نوسینی تێکستەکان سنورەکانی دەوروبەری خودی خۆی تێپەڕ دەکات و دەرگاکان بەسەر مرۆڤبوون و ئەندێشەکانی مرۆڤدا دەکاتەوە و دەستمان دەگرێت دەمانبات بۆ دنیا ئەفسوناویەکەی کرداری وشە و بە ژانە پیرۆزەکان ئاشنامان دەکات.

سەدەیەکە لاقە دەکرێم و بێدەنگم
دووگیانتان کردم بەمەرگ و کەس خۆی نەکردە خاوەنی
ئێستا ژانی مناڵبونم ئێجگار زۆرە
لێگەڕێن با هاوار بکەم

هەرگیز هەست ناکەیت ئەم شاعیرەمان بیەوێت لە جوگرافیایەکدا بمێنێتەوە، هەموو شوێنەکان بە هی خۆی دەزانێت و هەرهیچ نەبێت بەشێک لە مێژووی بوونی خۆیی تیادا دەبینێت و چابوکانە و لێزانانە پێمان دەڵێت مەرج نییە دنیا هەمیشە جوان بنوێنێت وەک چۆن مەرجیش نییە شیعر یان تێکستە ئەدەبییەکانیش وەک ئارایشتکردنێک بۆ دنیا سەیربکرێن.

ئایا نوسین بە گشتی و شیعریش بەتایبەتی، دەتوانێت بە یەک ئاست وەڵامێک بێت بۆ پرسیارە دەرونییەکانی نوسەر و خوێنەر؟

ئایا ئاوێزان نوری، لە شیعرەکانیدا تەنیایی دەنوسێتەوە، یان تەنیایی ئەم شاعیرەمان دەنوسێتەوە؟

ئایا مانەوەی دەقێکی شیعر بە زیندوویی دەکەوێتە سەر نوسەرەکەی یان خوێنەران؟

ئاوێزان نوری، شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:36 0:00
XS
SM
MD
LG