Accessibility links

پێشێلکاری بەرامبەر ئافریکاییەکان دەکرێت لە وڵاتی چین


ئافریکاییەکانی دانیشتوی شاری کانتون لە باشوری چین دەڵێن، ڕێگەیان نەدراوەتێ بچنە ناو بازاڕەکان و لە ماڵەکانی خۆیشیاندا دەرکراون، ناچارکراون کەرەنتینە بکرێن.

ئەم لێدوانانەی ئافریکاییەکان لە وڵاتی چین هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایی دەربڕینی ئەمریکا بەرامبەر بەو هەڵوێستەی دەسەڵاتدارانی چین کە بە "تێرۆری دەسەڵاتدارانی چین بەرامبەر ئافریکاییەکان" ناودێری کرد.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێسی وتووە، ئەو پێشێلکاری و بەدڕەفتاریانەی بەرامبەر بە ئافریکاییەکان دەکرێن لە وڵاتی چین، جێی مەخابنێکی زۆرە و بیرخستنەوەیەکە کە ئەو هاوبەشیەی نێوان کۆماری چین و ئافریکا، چەندێک بۆشە، وە دەشڵێت "ئەوە جێی مەخابنە، بەڵام شتێکی لە ناکاو و سەرسوڕهێنەر نییە، تێرۆری دەسەڵاتدارانی چین بەرامبەر ئافریکاییەکان ببینرێت."

پێشتر چین ڕایەگەیاند کە تا ئەندازەیەکی زۆر کۆنترۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە، بەڵام پشتڕاستبوونەوەی ئەوەی چەند کەسێکی خەڵکی وڵاتی نەیجیر، هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، وەک بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندوە، بۆتە هۆکارێک بۆ شەپۆلێکی جیاوازیکردن بەرامبەر بە ئافریکاییەکان.

ئەم شەپۆلی جیاوازییە، بۆتە مایەی پشێوی لە شاری کانتون کە ژمارەی دانیشتوانەکەی 15 ملیۆن کەسە، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران بۆیان ئاشکرابوو بەلانیکەم 8 کەسی ئافریکایی توشی کۆڤید 19 بوون. ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئافریکا لە شاری کانتون دەژین.

سەرچاوەی پشێویەکەش دوای ئەوە دەستپێدەکات کە 5 کەس بەبێ مۆڵەتدان شوێنی کەرەنتینەکردنەکەیان جێدەهێڵن و دەچنە شوێنە گشتییەکان و چێشتخانەکانی شارەکە، وەک بەرەنجامێکیش بەپێی لێدوانی دەسەڵاتداران لە کانتون، چین ناچار بووە پشکنینی کۆرۆنا بۆ 2000 کەس بکات کە ئەو 5 کەسەیان بینیوە و ژمارەیەکیش لەو خەڵکە کەرەنتین بکات.

لە سەرجەم ئەو 114 کەسەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون لە شاری کانتون، 16 کەسیان خەڵکی ئافریکان و ئەوانی تر خەڵکی وڵاتی چینن.

تۆنی ماتیاس، خوێندکارێکی خەڵکی وڵاتی ئۆگەندایە و بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ناچار بووە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ لە ژێر پردێکدا ژیان بەسەربەرێت و هەر لەژێر ئەو پردەشدا بنوێت، بەبێ ئەوەی هیچ بخوات، چونکە بازاڕەکان و چێشتخانەکانیش ڕێگەیان نەداوەتێ هیچ شتێکیان لێ بکڕێت.

ماتیاس دەڵێت لە ئاپارتمانەکەی دەرکراوە و ئێستا لەسەر شەقامەکان وەک کەسێکی بێ خانە و ماڵ دەژی.

بەڵام پۆلیسی چین دەڵێت، تەنانەت داوای پشکنین و کەرەنتینە کردنی ئەو خوێندکارە نەکراوە، بەڵام پێی گوتراوە بۆ ماوەیەکی کاتی بڕواتە شارێکی تت.

یەکێتی ئافریکاش ناڕەزاییەکی قوڵی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی ژیانی ئافریکاییەکان لە وڵاتی چین، لەم سەروەختەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئافریکا دەڵێت، ئۆفیسەکەی باڵیۆزی چینی بۆ یەکێتی ئافریکا بانگ کردووە و نیگەرانی قوڵی یەکێتی ئافریکامان پێ ڕاگەیاندووە و داواشی لێکراوە تا هەنگاوی دروست بە ئاڕاستەی چاککردنەوەی ئەو ڕەوشەدا بنرێت، وەک دەڵێت "لە چوارچێوەی پەیوەندییە زۆر باشەکانماندا لەگەڵ وڵاتی چین."

XS
SM
MD
LG